درێژەی پەلامار و تاوانکاریی رژێمی زایۆنی بۆسەر لێواری رۆژاواو غەززە
سەرچاوە فەلەستینیەکان بە ڕاگەیاندنی هەواڵی هێرشی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر غەززەو لێواری رۆژاوا لە چەند کاتژمێری ڕابردوو، ڕایانگەیاند؛ ئەو پەلامارانە، ژمارێک شەهیدی بەدواوە بووە.
لە ئاکامی پەلاماری ئاسمانیی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر چەند ناوچەیەک لە رۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی خان یونس، ئوردوگای ئەلبورەیج چەند کەس شەهید و بریندار بوون. هاوکات سەرچاوە فەلەستینیەکان رایانگەیاند؛ چەکدارانی رژیمی زایۆنی هێرش بۆسەر لێواری رۆژاوا بەردەوام دەکەن. لە تولکەرم چەکدارانی رژێمی زایۆنیش هێرشیان کردەسەر شاری دێرغەسون و چەند ماڵیان دایە بەرپەلامار و پێنج فەلەستینیان قۆڵبەست کرد. لە باکوری رۆژهەڵاتی راموڵڵاش لە ئاکامی تەقەو دەسڕێژی چەکدارانی زایۆنی، دوو کەس بریندار بوون. لەهەمان کاتدا، شارۆچکەنشینانی زایۆنی هێرشیان کردەسەر ماڵ و خانووبەرەی فەلەستینیەکان لە "وادی تەیران".