ئاگربڕی چوار ڕۆژە لە غەززە
لەئاکامدا پاش ٤٧ ڕۆژ ڕژێمی زایۆنی و حەماس گەیشتنە تەبایی لە سەر دامەزرانی ئاگربڕ.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین لە چل و حەوتەمین ڕۆژی شەڕی غەززەدا رایگەیاند کە بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانی قەتەرو مسر، لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی ڕیککەوتوون لەسەر دامەزراندنی ئاگربڕێکی چوار ڕۆژە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پەلامارەکانی هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی لەسەر لەبەیانیی ئەمڕۆوە بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەززە هەر بەردەوامە. زیاتر لە شەست کەس لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردوگای جەبالیا لە باکووری غەززە شەهید بوونە. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنی وشداری داوە بە نەخۆشخانەی ئەندونیزیا لە غەززە و داوای چۆڵ کرانی ئەم نەخۆشخانەیەی کردووە. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیش ماڵێکیان لە ڕۆژاوای خان یونس و نەخۆشخانەی کەماڵ عدوان لە باکووری کەرتی غەززە دایە بەر پەلامار کە بە هۆی ئەو پەلامارەی کرایە سەر ئەو ماڵە، پازدە کەس شەهید بوون و ٢٥ کەسیش بریندار.
لە لایەکی دیکەوە تەرمی ١٠٠ شەهیدی فەلەستینی کە ڕژێمی زایۆنی لە نەخۆشخانەی شفای غەززەی بردبوونیە دەرەوە و ئەمڕۆ دانیەوە، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە خان یونس نێژران. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کاردانەوە بە ڕێککەوتنی ڕژێمی زایۆنی و بزووتنەوەی حەماس لە سەر مامەڵەی دیلبەدیل و دامەزراندنی ئاگربڕێکی چوارڕۆژە، رایگەیاند کە بەمزوانە کاتی دەسپێبوونی ئەم ئاگربڕە ڕادەگەیەنێت. هاوکات یەکێک لە کاربەدەستانی حکومەتی ئەمریکا وتوویەتی کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئاگربڕ لە غەزە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەست پێ ببێ. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە، سەدان لۆریی تایبەت بۆ گواستنەوەی یارمەتی و سووتەمەنی بۆ هەموو ناوچەکانی غەززە بەڕێ دەکرێن و لە بری ئەوەدا، پەنجا ژن و منداڵی ئیسراییلی کە لە دەستی حەماسدان دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەلەستینی داگیرکراو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەززە بە ئاماژە بەوەی کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار فەلەستینی لەم ناوچەیەدا ژیانێکی گەلێک دژواریان هەیە، پێی داگرت لەسەر پێویستیی دابینکرانی سووتەمەنی بۆ بەنزینخانەکانی کەرتی غەززە و هەروەها وەڕێخرانەوەی نەخۆشخانەکان و دابین کرانی خۆراک و خواردنی پێویست بۆخەڵکی ئەم ناوچەیە.
هەروەها هەموو جم و جۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی داگیرکەر لە باشوور و ناوەڕاستی غەززە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ رادەگیردرێ. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە داگیرکەران بڕیاریان داوە کە لە هیچ ناوچەیەکی غەززەدا پەلاماری کەس نەدەن. خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین جەختی کردووە سەرباری ئاگربڕ، دیسانیش هەر ئامادەی بەرگری کردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین لەهەمبەر دەسدرێژکارانە. ئەم ئاگربڕە ڕاگەیەندراوە بە مانای شکست هێنانی ڕژێمی زایۆنییە لە دەسڕاگەیشتن بە ئامانجە راگەیەندراوەکانی لە غەززەدا. لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقساوە تا ئێستا ١٤ هەزار و ١٢٨ کەس لەوان ٥ هەزار و ٨٤٠ منداڵ و ٣ هەزار و ٩٢٠ ژن لە غەززە شەهید بوونە و زیاتر لە ٦ هەزار و ٨٠٠ کەسیش بێ سەر شوێن بوونە و یان لە ژێر دار و پەردوودا ماونەتەوە. ژماری بریندارانیش سنووری ٣٣ هەزار کەسی تێپەراندووە و زیاتر لە ٧٥%ی بریندارەکانیش ژن و منداڵن.