کانونی یه‌که‌م 03, 2023 16:30 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە باسی زیاتر بوونی هەژماری شەهیدانی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززەی کرد و ڕایگەیاند کە ژماری شەهیدانی پەلاماری دڕندانەی زایۆنییەکان بۆ سەر غەززە سنووری ١٥٢٠٠ کەسی تێپەراندووە.

"اشرف القدره" وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە رایگەیاند؛ لە دەسپێکی ئەو شەڕەی دژ بە غەززە دەست پێبووە تا ئێستا ١٥٢٠٧  فەلەستینی شەهید بوونە. ژماری بریندارانیش تا ئەم ساتە ٤٠٦٥٢ کەسە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە وتیشی: لە دەسپێکی شەڕەوە ٢٨٠ کەس لە ستافی پزشکی و دەرمانیمان شەهید بوونە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە زۆربەی قوربانیانی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی ژن و منداڵن، وتیشی: سەدی حەفتای قوربانیانی شەڕ لە غەززە ژن و منداڵن.

هاوکات ژێدەرەکانی سەر بە سوپای ڕژێمی زایۆنیش رایانگەیاندوە کە پەلاماری چڕ و پڕی ٢٤ کاتژمێری رابردوو بۆ تێکدان و تیابردنی ژێرخانەکانی ناوچەی غەززە بووە و قۆناغی دواتری پەلامارەکانی ئیسراییل بۆ سەر غەززە شارەکانی خان یونس و ڕەفەح دەگرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی فەلەستین رایگەیاند: ژماری ئاوارەکانی غەززە گەیشتۆتە یەک ملوێن و ٨٠٠ هەزار کەس. ئەم کۆمیسیۆنە پێیداگرت ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو کۆڕ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەرک و ئەستۆگرییان سەبارەت بە کۆتایی هێنانی ژینۆساید لە کەرتی غەززە بەجێ بێنن. 

وەزارەتی تەندرووستیی غەززەیش ڕاپۆرتی داوە کە لەو کاتەوە ئاگربڕ لە ڕۆژی هەینی کۆتایی هاتووە و شەڕ دەست پێ بۆتەوە، ٢٤٠ فەلەستینی دیکە لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوونە و زیاتر لە ٦٥٠ کەسیش لە سەدان پەلاماری ئاسمانی و گوللەبارانی تۆپخانەیی پاپۆڕەکان بۆ سەر ناوچەگەلێکی کەرتی غەززە بریندار بوونە. 

ژێدەرە هەواڵییەکانیش باسی پەلاماری ڕاکتیی خۆراگریی فەلەستینیان کردووە بۆ سەر شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی نزیکی کەرتی غەززە لە وەڵام بە دەستپێبوونەوەی دەسدرێژییەکان بۆ سەر ئەم کەرتە.

لە پەلاماری ڕاکتیی خۆڕاگریی فەلەستین بۆ سەر شارۆچکە زایۆنی نشینەکان، ئاژیری مەترسیی لە چەن شارۆچکەی نزیکی کەرتی غەززە لەوان شارۆچکەکانی  "ماگین"، "نیر عوز" و "عین هبسور" زرینگانەوە.

"احمد الکحلوت" لە بەرپرسانی فەلەستینیش رایگەیاندووە؛ زۆربەی شەهید و بریندارانی جەنایەتە تازەکانی زایۆنییەکان هێشتا لە ژێر دارووپەردوودان و سوپای ڕژێمی زایۆنی ڕێگای چوونە نێو ناوچە بۆردومان کراوەکان بە ئێمە نادات. 

سەرپەیڤ