ڕاپۆرتی یونیسێف سەبارەت بە بێبڕانەوەبوونی کوژرانی منداڵان لە کەرتی غەززە
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) وشداریدا لەوەی ئەو جەغزە مەرگهێنەی خەریکە لە کەرتی غەززە دروست دەبێت، مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر لە هەزاران منداڵی فەلەستینی دروست دەکات.
یونیسێف ڕایگەیاند، دوای سێ مانگ لە دەسپێبوونی شەڕ لە کەرتی غەززە، بەدخۆراکی و نەخۆشییە درمیەکان جەغزێکی کوشندەیان بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە وەڕێخستووە و ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە سەدان هەزار منداڵیشیان تێدایە، لە مەترسیدایە. بەپێی ئاماری یونیسێف، بە گشتی 90%ی منداڵ و مێرمنداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەززە لە بارودۆخێکی جەنگیی نالەباردان و بە تەواوەتی دەستیان بە هیچ خۆراکێک ناگات.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، منداڵانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە، چونکە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی بۆیان، دەستڕاگەیشتنیان بەو خۆراکەی کە پێویستیانە کەمتر بۆتەوە، لە هەمان کاتدا قورستر کرانی شەڕ و پێکدادانەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە دەگاتە هەفتەی چواردەیەمی خۆیەوە. پێشتریش ناوەندی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە مەترسیی برسێتی و قات و قڕی لە کەرتی غەززە لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕ و سنووردارکردنی توندی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان تا دێ زیاتر دەبێت. کاترین ڕاسێڵ بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناوەندی یونیسێفیش جەختی کردەوە، مۆتەکەیەک بەرۆکی منداڵانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە گرتووە کە ئەم مۆتەکەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر و قورستر دەبێت.