کانونی دوھەم 08, 2024 15:00 Asia/Tehran

وتەبێژی ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستینی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند شەش هەزار برینداری فەلەستینی بە هۆی کاری بوونی برینەکانیان پێویستیی خێرایان هەیە بە چارەسەرکران لە دەرەوەی کەرتی غەززە.

عەبدوجەلیل حەنجەل، وتەبێژی مانگی سووری فەلەستین لە کەرتی غەززە، بە ئاماژە بە نەبوونی ئیمکانات و کەرەستەی پزیشکی لەم ناوچەیەدا، وتی: ١٨ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و ئامبولانسی مانگی سووری غەززە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنییەوە وەبەر پەلامار کەوتوون و ئیتر بەکەڵک نایەن. حەنجەل بە ئاماژە بەوەی کە دەستبەسەرکرانی ستافی فریاگوزاری مانگی سووری غەززە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائییلەوە بەردەوامە وتیشی: لە درێژەی ئەو دەستبەسەرکردنانەدا، ڕژێمی جەنایەتکاری زایۆنی نۆ ستافی بەشی ئورژانس و فریاگوزاریی غەززەی دەستبەسەر کرد. وتەبێژی مانگی سووری فەلەستین لە کەرتی غەززە بە ئاماژە بەوەی کە ڕەوشی پاکپارێزی و تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی بەردەوامبوونی تەقینەوەکان بە تەواوەتی خەریکە کارەساتبار دەبێ، وتیشی: ڕژێمی زایۆنی تەنانەت لەو ناوچانەیش کە بە ئەمن و سەلامەتی ڕاگەیاندوون، هاوڵاتیان دەداتە بەر پەلامار و ڕێگری دەکات لە گەیشتنی هێزی فریاگوزاری بە ئەو ناوچانەی کە بۆردومانی کردوون.

لە درێژەی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچە جیاجیاکانی غەززەدا، سوپای ڕژێمی زایۆنی دوو باڵاخانەی لە قەراخاوەکانی باکووری شاری "ڕەفەح" لە باشووری غەززە کە ئاوارەی فەلەستینی پەنایان بردبوویە، گوللەباران کرد کە ئەوەش بووە هۆی شەهیدبوونی لانیکەم ٧ کەس. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیش ماڵێکیان لە کەمپی "یەبنا" لە باشووری ڕەفەح و ماڵێکی نزیک مزگەوتی "حەمزە"ـیان لە ناوچەی "خربە العدس" لە باکووری ڕەفەح کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارێک فەلەستینی بریندار بوون. دوابەدوای بۆردومانکرانی مەزرایەک لە ناوچەی "موراج" لە باکووری ڕەفەحیش، 4 بریندار گوێزانەوە بۆ نەخۆشخانەی "النجار" .  هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەی "حەی زوهوور" لە باکووری ڕەفەحیش 10 برینداری لێکەوتەوە. هەروەها هێزی زایۆنی دەستیان دایە بۆردومانی باڵاخانەیەک لە ناوچەی فەلووجە لە ئۆردوگای جەبالیا و ناوچەی تەلزەعتەر لە باکووری کەرتی غەززە کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک شەهید و بریندار بوون.  تانکەکانی ڕژێمی ئیسراییل ماڵێکیان لە "دێرولبەلح"، لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، کوتا وو هێرشی تۆپخانەیی هێزی زایۆنی بۆ سەر ئەم شارە و خوێندنگەی شوێنی نیشتەجێ بوونی ئاوارەکان ١٣ شەهید و ژمارەیەک برینداری لێ بەجێما.

هەواڵێکی دیکە لە فەلەستینەوە ئەوەیە کە لە تەقەکردنەکەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە ناوچەی عیون الحرامیه، لە باکووری کەرتی ڕۆژاوا شارۆچکەنشینێک کوژرا.

سەرپەیڤ