حەمدان: ئەمریکا بەرپرسی پەرەسەندنی گرژی لە ناوچەکەیە
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس وتی: درێژەی پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا لە ڕژێمی زایۆنی، سەرپێچی کردن لە بەجێهێنانی بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتیی داد دێتە ئەژمار.
ئوسامە حەمدان سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی هاوپێوەند بە دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە وتی: هەڵوێستی هەندێک وڵات سەبارەت بە پەلاماری ئاسمانیی بێوچانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوەندەکانی ئانڕوا و هەموو ژینۆسایدەکانی ئەم ڕژێمە دژ بە گەلی فەلەستین جێی گومانە. حەمدان جەختی کرد: کوشتار و تاوانەکانی دوژمنی داگیرکەری زایۆنی بۆ تاهەتایە پەڵەیەک دەبێ بە نێوچاوانی هەموو لایەنگرانی ئەم ڕژێمەوە. زیاتر لە 90%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە ناچاربوونە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبێڵن و بچنە ناوچەکانی دیکە. دوژمنی زایۆنی ئەوا بۆ سەد و وپازدەهەمین ڕۆژی لەسەریەکە درێژە دەدات بە جەنایەتی دڕندانە و ژینۆساید لە غەززە و پاکتاوکردنی ڕەگەزی ئەم گەلە، و بە کردەوە و ئاکاری دڕندانەی، هەموو یاسا و ڕێسا و نەریت و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی بنپێ کردووە. بەردەوامبوونی جەنایەتەکانی ئەم ڕژیمە، پێداگری ئەو ڕژیمە لە سەر ژینۆساید لە غەززە نیشان دەدات.
ئەم ئەندامە باڵایەی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێمە پێشوازی دەکەین لە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی بۆ لێکدانەوەی سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ڕژێمی زایۆنی. کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش دەبێ گوشار بخاتە سەر ڕژێمی زایۆنی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دیوانی نێودەوڵەتیی داد.
ئوسامە حەمدان وتیشی: درێژەپێدرانی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا لە ڕژێمی زایۆنی، سەرپێچییە لە بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتیی داد. حکومەتی ئەمریکا بەرپرسە لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگای دامەزراندنی ئارامی لە ناوچەکەدا، ڕاگرتنی دەستدرێژی و کۆتایی هێنان بە داگیرکارییە لە خاکی فەلەستیندا.
لە کۆتاییدا ئوسامە حەمدان ڕایگەیاند: ڕێز و پێزانینمان هەیە بەرامبەر بە هەوڵ و تێکۆشانی برایانی خەباتکارمان لە لوبنان، عێراق و یەمەن لەبەر پێکانی پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە ئاراستەی پشتیوانی کردنی غەززەدا .