شوبات 27, 2024 15:15 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دە جار تاوانکاریی سوپای رژیمی زایۆنیستی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو،٩٠ شارومەندی فەلەستینی شەهیدو ١٦٤کەسیش بریندار بوون.

لە١٤٣یەمین رۆژی ژینۆسایدی زایۆنییەکان لە غەززە، ژماری شەهیدان لەو ناوچەیە هەروا ڕوو لە زیادبوونەو بە ژماردنی شەهیدانی تازە، ژماری شەهیدانی فەلەستین لە دەسپێکی دەسدرێژکاریی سوپای رژیمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە(١٥ی رەزبەر) گەیشتە٢٩هەزار ٧٨٢کەس و ژماری بریندارانیش گەیشتە ٧٠هەزار و٤٣کەس.

هاوکات گوردانەکانی عیزەدین قەسام لقی سەربازیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە تانکێکی مێرکاوای رژیمی زایۆنی کردۆتەئامانج، باسی زەبرێکی قورس و کاری کرد کە لە هیزەکانی سوپای رژیمی زایۆنی داوە لە باشوری کەرتی غەززە.

گوردانەکانی قەسام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، خەباتکارانی ئەو گوردانانە، لە تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی "عبسان ئەلکەبیرە" لە ڕۆژهەڵاتی شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە، تانکێکی مێرکاوای رژیمی زایۆنیان بە رۆکێتی "یاسینی١٠٥" کردۆتە ئامانج و تێکیان شکاندووە.

گوردانەکانی قەسام هەروەها ڕایگەیاند: لە هەڵمەتێکی دیکەش هەر لەو ناوچەیە، بە تەقاندنەوەی بۆمبێک لەنێو تاقمێک لە چەکدارانی سوپای داگیرکەر، پانزە کەس لەوان کوژران و بریندار بوون.

سەرچاوە هەواڵییەکانی رژیمی زایۆنی ئەمڕۆ لە درێژەی ڕاگەیاندنی کەم کەم و قۆناخ بە قۆناخی ئاماری کوژراوان و بریندارانی سوپای رژیمی زایۆنی، ڕایانگەیاند، ئەفسەرێک و چوار چەکداری دیکەی ئەو رژیمە لە شەڕی دژ بە خۆڕاگریی فەلەستین لە کەرتی غەززە، بریندار بوون. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی سوپای رژیمی زایۆنی لەگەڵ خەباتکارانی خۆڕاگری لە باکور و باشوری کەرتی غەززە، ئەفسەرێکی زایۆنی لەگەڵ چوار چەکداری دیکەی ئەو رژیمە بەخەستی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، رژیمی زایۆنیستی لەپاڵ دەسدرێژکارییە بێ وچانەکانی، بە گەمارۆدان و پێش گرتن بە ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان و خواردەمەنیش، بارودۆخەکەی کارەساتبارتر کردووە و نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە رۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە حەوت منداڵی فەلەستینی لە پاریزگا جیاجیاکانی کەرتی غەززە بەهۆی بەدخۆراکی شەهید بوون.

لەم دواییەدا، وێنەو گرتەڤیدیۆی کچێکی منداڵی فەلەستینی بڵاو بۆتەوە کە زۆر دڵتەزێنە. ئەو کچە فەلەستینیە ڕوو لە دەسەلاتداران و گەلانی عەرەب دەڵێ: درێژە بدەن بە خەوتنتان و شایەتی گیان لەدەستدانی منداڵانی غەززە بن لە تینوان، ئێمە هیچمان لێتان ناوێ و خۆمان سپاردۆتە دەست خودای گەورە.

سەرپەیڤ