برسێتی و تینوێتیی دانیشتووانی باکووری غەززە
دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لەکاتێکدا پێی نایە سەد و چل و چوارەمین ڕۆژی خۆیدا کە قەیرانی مرۆیی بە خێراییەکی زۆر و تۆقێنەرەوە خەریکی تەشەنەسەندنە، تا ڕادەیەک کە بەرنامەی جیهانیی خۆراک مەزەندەی کردووە زیاتر لە چوار یەکی حەشیمەتی غەززە هیچ خۆراک و خواردنێکیان بۆ نەماوە.
کەمبوونی ئاو، خۆراک و دەرمان لە خێوەتگەلێکدا کە تەنانەت بەرگەی سەرما و سۆڵەی زستان ناگرن، ئاوارە فەلەستینییەکانی بەرەوڕووی مەترسیی مردن کردۆتەوە. فەلەستینییەکان بە دەستی زۆر بوونی نرخی خۆراک و خواردن و هەروەها کەمبوونی نانیش دەناڵێنن و ڕەوشی نالەباری مرۆیی لە کەرتی غەززە تا دێ کارەساتباتر دەبێ.
لەکاتێکدا کە برسێتی تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیوە ، پەلاماری بێبڕانەوەی تۆپخانەیی ڕژێمی زایۆنی ڕەوشی ژیانی بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان تەواو دژواتر و نالەبارتریش کردووە.
لەکاتێکدا کە ئاوارە بوون و کەمبوونی تۆقێنەری خۆراک و ئاوی پاک و دەرمان فەلەستینییەکانی تووشی قەیران کردووە، ئانتۆنیۆ گۆتێرێشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە کە هیچ شتێک ناتوانێ پاسادەرەوەی سزادرانی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لە غەززە بێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا زیاتر لە سی هەزار فەلەستینی لە دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوونە و وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاویان داخستووە لەسەر یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤ و تەنانەت جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.