شەهیدکرانی ٦ فەلەستینی لەئاکامی پەلاماری زایۆنیستەکان بۆسەر ناوچە سڤیل نشینەکان
لەئاکامی پەلاماری زایۆنیستەکان بۆسەر ناوچەی سڤیلنشینی دەیربەلەح"ی نێوەراستی شاری غەزە، شەش فەلەستینی شەهید کران.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرلەمەش فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژیمی زایۆنیست شاری دەیربەلەحیان بەتوندی کوتابوو.
چەند سەرچاوەیەکیش باسی شەڕو تێکهەڵچونی نێوان هێزەکانی خۆڕاگری و داگیرکەرانی زایۆنیست دەکەن لە شارۆچکەکانی جیع"ی باشووری شاری جنین.
چەند ڕاپۆرتێکیش ڕادەگەیەنن کە شەڕی نێوان دوولایەن لە شاری قلقیلیەی لێواری ڕۆژئاواش ڕوی داوە.
لەهەمان کاتدا گەنجێکی فەلەستینی لەلایەن چەکدارانی زایۆنیست لە شارۆچکەی کەفەرنیعمەی ڕۆژئاوای راموڵڵای لێواری ڕۆژئاوا شەهید بوە.
هێزە داگیرکەرە زایۆنیستەکان هاوکات چەند گەنجی فەلەستینیان لە دەڤەری کەفەرسایای شاری قلقیلیە دەست بەسەر کردو ئەشرەف قەدرەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەزەش ڕایگەیاند کە ئەو ڕژیمە بە برسی کردن و کردنە ئامانجی حەوسەد هەزارکەس خەریکی کۆمەلکوژکردنی خەڵکی باکووری غەزەیەو هەربۆیە داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە بەخێرایی بەهەموو شیوازێک بێتە مەیدان بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانی کارەسات لە باکوری ئەو کەرتە.