ئادار 20, 2024 13:40 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆی پەلامارە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەد و سێ فەلەستینی دیکەیش شەهید بوونە.

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە لە ئاگادارینامەیەکدا وتیشی: سوپای ئەم ڕژێمە لە درێژەی جەنایەتەکانیدا، لە ماوەی بیستو چوار کاتژمێری ڕابردوودا نۆ هەڵمەتی سەربازیی دژ بە دانیشتووانی کەرتی غەززە ئەنجام داوە کە شەهید بوونی نەوەدو سێ فەلەستینی و بریندار بوونی سەد و چل و پێنج کەسی دیکەیان لێکەوتۆتەوە.

ئەمڕۆ لە سەدو  شەست و پێنجەمین ڕۆژی پەلامارە بێبڕانەوەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی دژ بە دانیشتووانی غەززە ژماری شەهیدانی فەلەستینی گەیشتە سی و یەک هەزار و هەشسەد و نۆزدە کەس.

بە پێی هەواڵی دیکە لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ماڵی ئەلعاموودی لە شێخ ڕزوان لە باکووری کەرتی غەززە، شەش کەس شەهید بوون و بیست کەسیش بریندار. شارۆچکەی بەیت حانوون لە باکووری کەرتی غەززەیش وەبەر پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی کەوت.

بە هۆی بۆردوماکرانی ماڵێکیش لە ڕۆژاوای ئۆردوگای ئەنوسەیرات لە ناوەراستی کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنی، شەش کەس شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەیش بریندار بوون.

شایانی باسە بە دانپێدانانی سەرۆکی بەشی تەندرووستیی دەروونی سوپای ڕژێمی زایۆنی، لە شەڕی هەزار و نۆسەد و حەفتاو سێ بەملاوە شەڕی غەززە بانترین زەبری دەروونی لە هێزەکانی سوپای ئیسراییل داوە. 

سەرپەیڤ