ئادار 21, 2024 13:39 Asia/Tehran

سوپای رژیمی زایۆنیستی بۆ سێیەم رۆژی بەدوای یەکدا، نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززەی گەمارۆ داو پەلاماری کردەسەر.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ داگیرکەران نەخۆشخانەی شیفاو چەند ناوچەیەکی دەورووبەریان بۆردومان کرد. دەیان هەزار کەس لەو نەخۆشخانەو شوێنەکانی دەورووبەری، گەمارۆ دراون.

شەڕ وپێکدادانی قورس لەنێوان خۆڕاگریی و هێزە داگیرکەرە ئیسرائیلیەکان لە دەورووبەری نەخۆشخانەی شیفا هەروا بەردەوامە.

بەپێی راگەیاندنی سەرچاوە هەواڵییە فەلەستینیەکان، سوپای رژیمی داگیرکەر لە پەلامارەکانی دوو رۆژی رابردووی بۆسەر نەخۆشخانەی شیفا ، نزیک بە ٩٠ فەلەستینی شەهیدو لانیکەم٣٠٠کەسیشی قۆڵبەست کردووە.

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای رژیمی زایۆنی لە١٦٥رۆژ تاوانکاریی خۆی لە غەززەو لە٢٤کاتژمێری رابردوودا، دە تاوانی دیکەی لەو ناوچەیە بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەنجام داوە کە بەهۆیانەوە، ١٠٤فەلەستینی دیکە شەهیدو ١٦٢ کەسیش بریندار بوون.

ژماری گشتیی شەهیدانی شەڕ لە غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبری ڕابردوو-وە تائێستا گەیشتووەتە ٣١٩٢٣ کەس.

خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتی هێرش بۆسەر فڕۆکەخانەی "بێن گۆریۆن" لە نزیک تەلاویڤی گرتەئەستۆ. لەو بەیاننامەدا هاتووە، هێزە خۆڕاگرەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە چەند درۆن، فڕۆکەخانەی بێن  گۆریۆن لە قوڵایی خاکی فەلەستینی داگیرکراویان پێکا.

هاوکات بانکی جیهانی وێڕای داوای هەنگاونانی خێرا بۆ رزگارکرانی گیانی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە، وشداریی دا، زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئەو ناوچەیە لەسەروبەندی قات و قڕی دان.

بانکی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پتر لە نیوەی خەڵکی غەززە لەوان منداڵان و بەساڵاچووان لە سەرووبەندی قات و قڕی دان. ئەو ڕێکخراوە جیهانییە، جەختی کرد لەسەر دابینکرانی خێرا و بەربڵاوی پێداویستییەکانی خەڵکی غەززە.

سەرپەیڤ