حوزه‌یران 20, 2024 18:38 Asia/Tehran
  • حەماس: باهۆزی ئەقسا مافی ئاوارە فەلەستینییەکانی بووژاندەوە

بزووتنەوەی حەماس بە پێداگری لە سەر مافی گەڕانەوەی هەموو فەلەستینییە ئاوارەکان بۆ وڵات و زێدی خۆیان، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا دیسان مەسەلەی ئاوارەکانی زیندوو کردەوە.

حەماس بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوارەکان ڕایگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە هەروەها هەموو هەوڵەکانی ڕژێمی داگیرکەر و لاگرانی بۆ سڕینەوەی پرسی ئاوارەکانی پووچەڵ کردەوە و فەلەستینییەکانی لە گەیشتن بە ئازادی و هێنانەدیی مافی گەڕانەوەیان نزیکتر کردەوە.

حەماس پێیداگرت: مافی هەموو ئەو فەلەستینییانەی کە بە شێوەیەکی نادادوەرانە و جەنایەتکارانە لە لایەن دوژمنی زایۆنییەوە لە ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە کراون، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و نیشتمانی خۆیان، مافێکی پیرۆزە. ئەم مافە میراتی هەموو نەوەکانی فەلەستینە و ئێمە هەرگیز مامەڵەی لەسەر ناکەین و خۆمانی لێ ناخافڵێنین.  حەماس بە شەرمەزار کردنی پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی داگیرکەر بە پاڵپشتیی حکومەتی ئەمریکا بۆ نەهێشتن و لابردنی یەکجاریی ئانڕوا لە فەلەستین پێیداگرت: ئەم ناوەندە بەرپرسایەتییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە یارمەتیدانی هەموو ئاوارە فەلەستینییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام بەتایبەت ئاوارەکانی کەرتی غەززە، لەبەر ژینۆساید و دڕندەکارییەکانی ڕژێمی داگیرکەر دژ بە خەڵکی مەدەنیی گەمارۆدراو و ئاوارە و بێ دەرەتانی ئەم ناوچەیە.