خۆپیشاندانی زایۆنییەکان دژ بە بنیامین نەتانیاهوو بە داخوازی ڕێککەوتن لە سەر مامەڵەی دیلبەدیل
هەزاران کەس لە تلاڤیڤ، بەیتولموقەدەس، حەیفا، قەیساریە و دەیان شار و شارۆچکەی دیلکەی ڕژێمی زایۆنی دژ بە کابینەی بنیامین نەتانیاهوو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و خوازیاری ڕێککەوتنی ئەم ڕژێمە لەگەڵ حەماس بوون لە سەر مامەڵەی دیلبەدیل.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینانە پێش سەفەرەکەی بنیامین نەتانیاهووی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بۆ واشینگتۆن بەڕێوە چوو.
بنەماڵەکانی دەستبەسەرکراوانی زایۆنی بە گرتنەدەستی لافیتە و پارچەنووس لە بەردەم وەزارەتی شەڕ لە تلاڤیڤ کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد و خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم ڕژێمە ڕێککەوتنی مامەڵەی دیلبەدیل واژۆ بکات و منداڵانیان لە کەرتی غەززەوە بۆ بگەڕێنێتەوە.
هەزاران کەسیش لە ڕێپیوانێکدا لە قودسی داگیرکراو بە داخوازی ڕێککەوتن لەسەر مامەڵەی دیلبەدیل بەشدارییان کرد و خۆپیشاندانی دیکە لە چوارڕیانی نەهلال، شارەکانی بەیروسەبع ، «روش پینا»، «کرمئیل»، «نهاریا»، «کریات بیالک»، «زخرون یعکوف» و «الخضیره» وەڕێخرا.
"یائیر لاپید" ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنی لە کاتی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانی سەرەکیدا کە لە چوارڕیانی کاپلان لە تلاڤیڤ بەڕێوەچوو، داوای لە نەتانیاهوو کرد ئەگەر بڕیار نییە وتارەکەی کۆنگرێسی، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن بگرێتەوە، سەفەرەکەی بۆ واشینگتۆن هەڵوەشێنێتەوە.