ته‌مووز 29, 2024 20:32 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ئەمڕۆ دووشەممە لە تازەترین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاند کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە، سی و نۆ هەزار و٣٦٣ فەلەستینی لە کەرتی غەززە، شەهید بوون.

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە٢٤کاتژمێری ڕابردوو، رژیمی زایۆنی لەسێ تاوانی تازەدا، ٣٩ شارومەندی فەلەستینی لە کەرتی غەززەی شەهیدو٩٣ کەسی دیکەی بریندار کردووە.

لە حەوتی ئۆکتۆبری٢٠٢٣وەو هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی هەڵمەتی "باهۆزی ئەقسا" تائێستا ٣٩هەزار و ٣٦٣ فەلەستینی لە کەرتی غەززە شەهیدو٩٠ هەزار و٩٢٣کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە تێپەڕینی ٢٩٧ رۆژ بەسەر دەسپێبوونی دەسدرێژکاریی بێ دەسکەوتی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەززە، ئەو رژیمە تادێ زیاتر نوقمی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەوەییەکانی دەبێ.

رژیمی زایۆنیستی لە دەسپێکی پەلامارەکانی بۆسەر کەرتی غەززە، زیاتر لە٣٠٠ فێرگەو دامەزراوەی فێرکاریی سەربە زانکۆکانی، بەتەواوەتی وێران کردووە.

شارەوانی شاری رەفەحیش ڕایگەیاند، تەقاندنەوەی هەمارە سەرەکییەکانی ئاو لەو شارە، جەنایەتێکی دژە مرۆییە. ناوبراو وتیشی: لەناوبردنی هەمارەکانی ئاو، قەیران لەو شارە ئاڵۆزتر دەکا، ئێمە داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ ڕاگرتنی تاوانکاریی داگیرکەران، هەوڵکانیان چڕتربکەن.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە داگیرکەرە زایۆنییەکان پاش تێپەڕینی چەند مانگ بەسەر کشانەوەیان لە شاری خان یونس، لەم دواییەدا هێرشکی تازەیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە دەسپێکرد کە تائێستا دەیان شەهیدو برینداری لێکەوتووەتەوە، بەرەوڕووبوونەوەی هێزە خۆڕاگرەکان لەگەڵ داگیرکەران لە ناوچە رۆژهەڵاتیەکانی ئەو شارە هەروا بەردەوامە. لە هەواڵێکی دیکەشدا هاتووە، سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، شەڕ و پێکدادانی قورس هەیە لەنێوان هێزەکانی خۆڕاگری و داگیرکەرانێک کە دزەیان کردبۆ ناوچەی "خەندەق" لە رۆژهەڵاتی خان یونس.

سەرپەیڤ