حەماس: ئازادکردنی دیلەکان لە سبەینێوە دەست پێدەبێ
یەکێک لە ڕێبەرانی حەماس رایگەیاند کە پرۆسەی ئازادکردنی ٤٨ دەستبەسەرکراوی زیندوو یان مردوو لە غەززە کە زۆربەیان زایۆنین لە سەرلەبانی ڕۆژی دووشەممەوە دەست پێ دەبێ.
ئوسامە حەمدان پێیداگرت: پاش گەڕاندنەوەی دەستبەسەرکراوان لە غەززەوە، بەپێی بڕگەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، ڕژێمی زایۆنی نزیکەی دو هەزار دیلی فەلەستینی ئازاد دەکات. "حسام بەدران"، ئەندامی حەماسیش ڕایگەیاندووە کە بێتوو ڕژێمی زایۆنی پەلاماردانی غەززە دەست پێبکاتەوە، ئەم بزووتنەوەیەش ئامادەی شەڕە. ناوبراو ڕاشیگەیاند کە دانوستانی قۆناغی دووەمیی ڕێککەوتنی ئاگربڕ ئەگەری زۆرە ئاڵۆزتر ببێت. بەدران وتی: "هیچ چاودێر و شروڤەکارێک بیری بۆ لای ئەوە نەدەچوو کە ئەم شەڕە دوو ساڵ بخایەنێت، بەڵام گرووپەکانی خۆڕاگری لە هەموو ئەم ماوەیەدا بەرخۆدان و بەرگرییان کرد و زەبری قورسیشیاندا لە سوپای ڕژێمی داگیرکەر." بەدران سەبارەت بە دانوستانەکانی قۆناغی دووەمیش وتوویەتی کە ئەم بەشەی دانوستانەکان بە سادەیی قۆناغی یەکەم نابێت. ناوبراو ڕاشیگەیاند کە لە قۆناغی دووەمدا پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ هەڵگری پرس و بڕگەگەلێکی ئاڵۆزکاوە کە چارەسەرکردنیان پێویستی بە کات و ساتێکی زیاترە، بەڵام پێش هەر شتێک دانوستانی نیشتمانیی فەلەستین بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی تۆکمە و نیشتمانی حاشاهەڵنەگرە و هەر دەبێ بکرێت.