وتەبێژی لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی: لەخاڵێکی چارەنووس سازدا ڕاوەستاوین
وتەبێژی "سەرایا قودس" لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی وێڕای پێداگریی لەسەر پێبەندبوونی خۆڕاگریی بە ڕێککەوتنی ئاگربەسی غەززە، ڕایگەیاند؛ گەلی فەلەستین لە قۆناخێکی هەستیار و چارەنووس سازدایە.
"ئەبوو هەمزە" لە پەیامێکدا وێڕای ئاماژە بە دەسپێکران و درێژەی هەڵمەتی باهۆزی ئەقسا وتی: ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی هەستیار و مێژووییداین و ئەوە، خاڵێکی چارەنووس سازە. ئەو نەبەردە، وەڵامدانەوەیە بە "تاوانکاریی لەبڕان نەهاتووی دوژمنی زایۆنی" لە قودس، لێوار رۆژاوا، دۆسییەی دیلە فەلەستینییەکان، گەمارۆ و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی کەرتی غەززە.
ئەبوو هەمزە وتی کە سەرایا قودس وەک هێزێک لە خاکی خۆیدا بەرەوڕووی دوژمن دەبێتەوەو بێتوو تێکهەڵچوون و شەڕ چەندین ساڵ درێژەی بێ، تەسلیم نابێ. ناوبراو هەروەها جەختی کرد لەسەر "پاراستنی چەکی خۆڕاگری" و "هاودەنگیی لەگەڵ گرووپە خۆڕاگرەکانی دیکە".
ئەبوو هەمزە وێڕای بیرخستنەوەی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی کە ئەو وڵاتە، باشترین زانستوەر و فەرماندەرانی لە پێناو"قودس"دا پێشکەش کرد.
هاوکات "ئەحمەد مەسعود" بەڕێوەبەری ناوەندی کەسانی بێ سەروشوێن لە فەلەستین رایگەیاند؛ لێکدانەوە بەراییەکان پێشاندەری ئەوەیە کە ژماری کەسانی وونبوو و بێ سەروشوێن لە کەرتی غەززە، دەگاتە شەش هەزار کەس.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززەش رایگەیاند، ژماری شەهیدانی پەلامارەکانی سوپای رژێمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٦٨هەزار و ٢٣٤ کەس.
ئەو وەزارەتخانە هەروەها باسی ڕادەست کرانی تەرمی ٣٠ شەهیدی دیکە لەلایەن خاچی سووری کرد و رایگەیاند، ژماری تەرمی رادەست کراوی فەلەستینیەکان لەلایەن خاچی سوورەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەس، گەیشتووەتە ١٩٥ تەرم.