حەماس: تەنیا بەمەرجی کۆتایی هاتنی داگیرکەریی، چەکەکانمان ڕادەست دەکەین
سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، ڕادەست کرانی چەکی ئەو گرووپەی مەرجدارکرد بە کۆتایی هاتنی داگیرکەریی رژێمی زایۆنیستی لە سەرزەوینەکانی فەلەستیندا.
خەلیل حەییە وتی: بزووتنەوەی حەماس ئامادەیە چەکی خۆی ڕادەستی "حکومەت"ێکی داهاتوو بکا کە ئیدارەی کەرتی غەززەی لەئەستۆ دەبێ بەڵام ئەوەش بەستراوەتەوە بە کۆتایی هاتنی داگیرکەریی رژێمی زایۆنی.
سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە وتیشی: مەبەست لە حکومەتی داهاتوو لە غەززە، حکومەتی داهاتووی فەلەستین بە سەروەریی تەواوە. ناوبراو هەروەها وتی: پرسی چەک هەروا پرسی وتووێژ لەگەڵ گرووپە جۆربەجۆر و نێوەندگیرەکانە. ڕێککەوتن، هێشتا هەر لە قۆناخی بەرایی دایە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هێزە نێونەتەوەییەکان وەک هێزی جیاکەرەوە، چاودێریی بەسەر سنوورەکاندا بکەن و ئاگربڕ لە غەززە پێوشوێن بگرن.
"مەحموود عەبباس" سەرۆکی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینیش ڕایگەیاند کە دەسپێکی قۆناخی دووەمی گەڵاڵەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پێویستە رژێمی زایۆنی لە غەززە بکشێتەوەو چەکی حەماس و گرووپەکانی دیکە رادەستی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بکرێ.
"حازم قاسم" وتەبێژی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستینیش وتی: ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێکرانی قۆناخی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربڕ ڕادەگەیێنین. ناوبراو وتی: سەرباری پێشێلکرانی پەیتاپەیتای ئاگربڕ لەلایەن دوژمنی زایۆنییەوە، ئێمە هەروا پێبەندین بە جێبەجێکرانی قۆناخی یەکەمی ڕێککەوتنی شەرموشێخ.
وتەبێژی حەماس وتی: لەڕوانگەی ئێمەوە پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی و جێگیرکرانی لە کەرتی غەززە، کێشە نیە بەمەرجێک ئەو هێزە، خەڵکی مەدەنیی فەلەستینی لەهەمبەر دەسدرێژکارییەکانی رژێمی زایۆنی بپارێزێ و سەقامی کەرتی غەززە دەستەبەر بکا.
لەهەمان کاتدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند؛ رژێمی زایۆنیستی تائێستا ڕێگەی داوە لەکۆی٦٦٠ بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان کە بەگوێرەی بڕگەکانی ئاگربڕ ڕێککەوتنی لەسەر کراو بوو، تەنیا ١٠٤ بارهەڵگر بچنە کەرتی غەززە.