سەوابتە: دەرمان بووە بە چەکێک لەدەست داگیرکەرانی زایۆنیدا
سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومیی لە غەززە وێڕای ئاماژە بە شپرزەبوونی بارودۆخی ئەو ناوچە، وتی: داگیرکەران بەبیانووی پڕووپووچی ئاسایشی، پێش بە هاتنی کەرەستەو پێداویستیی پزیشکی دەگرن و لە کەمیی دەرمان وەک چەکێک لەدژ کەسانی مەدەنی لە غەززەدا کەڵک وەردەگرن.
"ئیسماعیل سەوابتە" سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی حکوومیی لە غەززە، وێڕای ئاماژە بە قەیرانی کەرتی تەندروستی و دەرمان لە غەززە پاش ئاگربڕ، وتی: غەززە هەروا بەرەوڕووی قەیران و کەمیی بەرچاوی دەواو دەرمان و کەرەستەو ئامێرە پزشکییەکانە.
سەوابتە وتیشی: لەبەر کەمیی کەرەستەو دەرمانی بێهۆشکردن، نەشتەرگەریی لە زۆربەی نەخۆشخانەکان بەتەواوەتی ڕاگیراوە. راگیرانی نەشتەرگەرییەکان بەمانای ئەوەیە نەخۆشان لەبەر مەترسیی مردن یان کەمئەندامبوونی هەمیشەیی دان. وتیشی: لەبەر ناکارابوونی سیستەمی چاودێرییە تەندروستییەکان پێنج سەت نەشتەرگەریی هەڵپەسێردراوە.