قەیرانی تەندروستیی غەززە لەخرابترین حاڵەتدا
سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییەکان لە غەززە وێڕای ئاماژە بە روودانی خرابترین قەیرانی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە کاتی دەسپێبوونی شەڕی غەززەوە، سەرباری ئاگربڕێک کە لە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەرەوە دەس پێ کراوە، ڕایانگەیاند؛ نەخۆشان و برینداران بەرەوڕووی مەترسیی مردنی هێدی هێدین.
دکتور محەممەد ئەبووسەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پزیشکیی شیفا لە کەرتی غەززە وێڕای ئاماژە بە قەیرانی تەندروستی وپاکپارێزی لەو کەرتە لە کاتی دەسپێبوونی شەڕی غەززەوە، وتی: وەستانی شەڕ و دامەزرانی ئاگربڕی لاواز، نەبووەتە مایەی باشتربوونی دۆخی تەندروستی و پزیشکی لە غەززەو بەچوونەسەری ژماری نەخۆشان، کەمیی بەرچاوی دەواو دەرمان و درێژەی مەرگ و گیان لەدەستدانی ڕۆژانە، نەخۆشخانەکان لە قۆناخێکی قەیرانیدان. ئەبووسەلمیە ڕاشیگەیاند: نەخۆشخانەکانی غەززە ئێستا بە زیاتر لە سەتی ١٥٠ی پتانسێلیان چالاکی دەکەن و بەرەوڕووی کەمیی بەرچاوی دەرمان و ئامێری پزیشکین. دۆخی هەنووکە، یەک لە خرابترین قەیرانە تەندروستییەکانە کە کەرتی غەززە لەکاتی دەسپێبوونی شەڕ هەتا ئێستا بەرەوڕوویەتی. ناوبراو پێی داگرت: نەخۆشخانەکان لەبەر کەم وکوڕیی دەواودەرمان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی هەناسەدان، شایەتی چوونەسەری یەکجار زۆری ژماری گیان لەدەستدان لەنێو نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و هەروەها کەسانی بەساڵاچوون. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی سەرماو سۆڵە کە دانیشتووانی نێو خێوەتەکان تەحەمولی دەکەن و تەنانەت بێ بەشن لە سەرەتاییترین هەنگاونان بۆ پارێزراوبوون. دەم و دەزگە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززەش وشدارییان داوە لەحاند هەڵوەشانی بەتەواوەتی سیستەمی تەندروستی لەبەر وێرانبوونی بەرفراوانی نەخۆشخانەکان، کەمیی دەواو دەرمان و بەرتەسکیی بەردەوامی بەردەم هاتنی کەرەستەو کەلوپەلی پزیشکی. ڕێکخراوە پزیشکییە جیهانییەکانیش رایانگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەتی زۆری نێو خێوەتی ئاوارەکان و پەک کەوتنی راژەکاریی چاودێرییە تەندروستییە بەراییەکان کە نەخۆشییە درمی و چڵکیەکان و بەدخۆراکی بەرچاوی بەتایبەت لەنێو منداڵاندا لێکەوتووەتەوە، گیانی کەسانی سیڤیل بەرەوڕووی هەڕەشەی مردنەو بێتوو ئەو دۆخە بەردەوام بێ و پێش بەهاتنی کەرەستەو کەلوپەلی زەرووری بگیردرێ، دەبێ چاوەڕوانی کارساتێکی مرۆیی گەورەتر بین.