نالەبارتر بوونی ڕەوشی تەندروستی و دەرمان لە غەززە
سەرچاوەیەکی پزشکی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە: ڕەوشی دەرمان و تەندروستی لە غەززە بەهۆی دەسدرێژیی بەردەوام و بەرتەسکی و سنووردانانە قورسەکەی ڕژێمی زایۆنی بۆ پێشگری لە هاتنە ناوەوەی پێداویستیی پزشکی و دەرمانە پێویستەکان، بە شێوەیەکی بێ وێنە و کارەساتبار ڕووی لە خراپتربوون ناوە.
محەمەد ئەبو نەدا، بەڕێوەبەری پزیشکی سەنتەری شێرپەنجەی غەززە، بە ئاماژە بە نالەبارتر بوونی ڕەوشی تەندروستی و دەرمان لەم کەرتەدا، وتی: ئەم دۆخە نەک هەر مەترسی لەسەر نەخۆش دروست دەکات، بەڵکو مەترسیی ڕاستەوخۆیشە لە سەر تەندروستیی هەموو دانیشتوانی غەززە و سیستەمی دەرمانی و تەندروستی بەرەو هەڵوەشانەوە و تیاچوون پاڵپێوە دەنێت. بەڕێوەبەری پزشکیی سەنتەری شێرپەنجەی غەززە بە ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی ئەو شوێنانەی کە بە "گۆڕی بێدەنگ" ناوی هێنان، وتیشی: ئێستاکە زۆرێک لە نەخۆشەکان پێویستیی خێرایان هەیە بە چوونەدەر لە کەرتی غەززە بۆ ناسکران و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، بەڵام ئەمە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاوی کارگێڕی و ئەمنی لەلایەن ڕژێمی داگیرکەرەوە دەبێتەوە.
ئەیمەن ئەبوو ڕەحمە، سەرۆکی بەشی خۆپاراستن لە وەزارەتی تەندروستیی غەززەیش ڕایگەیاندووە: "لە سەروبەندی ڕووخان و تیاچوونی پەیکەری سیستەمی تەندروستی ودەرمان و هەروەها نالەبارتربوونی ڕەوشی بژێوی ژیان و ژینگە بەتایبەت بە دەستپێبوونی زستان و بەردەوامبوونی سەرما و سۆڵە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیش بۆتە مەترسییەکی گەورە.
ناوبراو وتیشی: ئێستا ٩٠%ی دانیشتووانی غەززە ئاوارەن و زۆربەیان لە کەمپە قەرەباڵغەکاندا دەژین و ئەم دۆخەش ڕاستەوخۆ کاریگەرە لە سەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان. سەرچاوە تەندروستییەکانی غەززە داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە تەندروستییەکانی جیهان کردووە کە خێرا فشار بخەنە سەر کاربەدەستانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن هەموو پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمان بەبێ سنووردارکردن بێنە ناوەوە و ڕێگە بە نەخۆشەکان بدەن کە گەشت بکەن بۆ دەرەوەی غەززە بۆ ناسکران و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، پێش ئەوەی کەسانێکی زیاتر کە دەتوانرا ڕزگاریان ببێت، گیانیان لەدەست بدەن.