درێژەی پەلاماری ئاسمانی و تۆپخانەیی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر غەززە
پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژەی هەیە و ئەو ڕژێمە هەروا بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەست.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای تەقەی سەربازانی زایۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ئوردوگای بەریج لە ناوەڕاستی غەززە، کەسێک بریندار بووە. هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئەو ئوردووگایە كەوتە بەر تەقەی تۆپخانەیی ڕژێمی زایونی.
فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی دووجار گەڕەکی ئەلتوفاح لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززەیان بۆردومان کرد. لە باشووری کەرتی غەززە، کەشتییە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە شێوەی بەربڵاو تەقەیان لە کەناراوەکانی خان یونس کردووە. هەروەها ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە شێوەیەکی بەرفراوان ماڵی نیشتەجێبوون و خێمەی پەنابەرانیان لە گەڕەکی ئەلزەیتون لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کردە ئامانج.
پەلامارەكانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە لە سایەی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە و وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە دوایین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاند کە ژمارەی شەهیدان ٧٢ هەزار و ٦٩ کەسە. وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٢ شەهیدی نوێ بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گواستراوەتەوە و ٤ کەسیش بریندار بوونە. ئەو وەزارەتخانەیە وتیشی : لە سەرەتای شەڕی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی لە دژی غەززە لە ٧ی ئوكتوبری ٢٠٢٣، تا ئێستا کۆی گشتی شەهیدان بۆ ٧٢ هەزار و ٦٩ کەس زیادی کردووە و کۆی ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ١٧١ هەزار و ٧٢٨ کەس زیادی کردووە.