ئۆردۆن لەهەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادایە
وتەبێژی فەرمیی حکومەتی ئۆردۆن ڕایگەیاند: پەیوەندیی نێوان ئۆردۆن و سووریا ، بۆی هەیە بکەوێتە ئاراستەیەکی شیاو و ئەرێنی و عەممان هیوادارە بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەمشق.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، محەممەد موئمنی وتەبێژی فەرمیی حکومەتی ئۆردۆن دوێشەو لە دیمانە لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئۆردۆن، وتی: سەرباری بڕیاری کۆمکاری عەرەب لەمەڕ داخرانی باڵوێزخانەکانی سووریا لە وڵاتانی عەرەبی، باڵوێزخانەی ئۆردۆن لە دەمشق درێژەی دا بە کارەکەی، هەربەجۆرەی کە باڵوێزخانەی سووریاش لە ئەممان دانەخرا.
وتەبێژی فەرمیی حکومەتی ئۆردۆن بەئاماژە بە گەڕانەوەی سی هەزار کەس لە ئاوارەکانی سووریا بۆ ناوچە باشوورییەکانی سووریا، وتی: ڕێککەوتن لەسەر کەمکرانی کێشەو جێگیرکرانی سەقام و هێمنی لە باشووری سووریا پێشکەوتنی باشی بووەو ئەوەش ، کرانەوەی بازگەکانی نێوان سووریاو ئۆردۆنی لێ دەکەوێتەوە.
ئێران، ڕووسیاو تورکیا چواری مانگی مای٢٠١٧ و لەڕەوتی چوارەمین خولی وتووێژ و دانوستانەکانی ئاشتیی سووریا لە شاری ئاستانەی قەزاقستان، ڕێککەوتن لەسەر هێنانەدی چوارناوچەی کەم کێشە لە سووریا.
ناوچە کەم کێشەکان لە سووریا، ناوچەگەلێک لە پارێزگای ئیدلەب(باکووری ڕۆژاوا)، حۆمس(ڕۆژاوا و ناوەند)، غوتەی ڕۆژهەڵاتیی دەمشق، دەرعاو قۆنیتەرە(باشوور و باشووری ڕۆژاوا) دەگرنەخۆ.
ڕاگرتنی هەموو کردە جەنگییەکان لەنێوان لایەنەکانی شەڕ بریتی لە هێزە حکومەتییەکانی سووریاو گرووپە چەکدارەکان، ئاسانکاریی بۆ دەسڕاگەیشتنی دانیشتووان بە یارمەتییە مرۆییەکان، بنیات نانەوەی ژێرخانەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان، لە ڕێککەوتننامەی ناوچە کەم کێشەکان لە سووریا جەختی لەسەر کراوە.