خۆپیشاندانی بەحرەینییەکان هاوکات لەگەڵ مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان لە خۆراک
جەماوەری بەحرەین وەک نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ ئەو زیندانیانەی مانیان لە خۆراک گرتووە بە پێی بانگێشتنی زانایانی ئەم وڵاتە دەستیان دایە خۆپیشاندان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی هەواڵدەریی فارس ، ئەم خۆپیشاندانە ئێوارەی پێنج شەممە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی بەحرەین بەڕێوە براو خۆپیشاندەران لە بڕێک لە ناوچەکان و لەوانە شارۆچکەکانی ئەلمەعامیر و جەرداب لەگەڵ هێرش و پەلاماری هێزە ئاسایشتییەکانی ڕژێمی ئالی خەلیفەدا بەرەوڕوو بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی بەحرەین، ئەمڕۆ هەینیش جەماوەری بەحرەین بڕیارە بە پێی داخوازیی زانایانی ئەم وڵاتە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ ئەو زیندانیانەی وا مانیان لە خوادرن گرتووە، دەست بدەنە خۆپیشاندان.
زیندانییە سیاسییەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی (جوو) لە دەیەمی سپتامبەری ڕابردووەوە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەوشتی نالەباری بەندیخانەو ئەشکەنجەدرانی زیندانیان و بەرتەسک کردنەوەیان لەمەڕ پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەکانیانەوە مانیان لە خۆراک گرتووە.
زانایانی بەحرەینی دوێنێ پێنج شەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ستایشی خۆڕاگریی زیندانییە سیاسیەکانیان کرد لە بەندیخانەکانی ئەم وڵاتەداو لە خەڵکیان ویست هەتا بە هانای زیندانیەکانەوە بڕۆن.
ڕژێمی بەحرەین لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا پتر لە یانزە هەزار شارومەندی ئەم وڵاتەی بە تۆمەت و بوختانگەلی بێ ناوەڕۆک ڕاپێچ کردووە. بەحرەین لەو وڵاتانەیە کە لەچاو حەشیمەتەکەی زیاترین ژمارەی زیندانی کراوی هەیە. بە قسەی ڕێکخراوە مافەوانییە خۆجێییەکانی ئەم وڵاتە، لانیکەم سێ هەزار شارومەندی بەحرەینی لە بەر هۆکاری سیاسی لە بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.
بەحرەین لە چواردەی فڤریەی ساڵی دووهەزارو یازدەوە گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕینی ئاشتیانەی دژی ئالی خەلیفەیە. جەماوەری ئەم وڵاتە خوازیاری چاکسازیی سیاسی ،ئازادی، دامەزرانی دادگەری و نەمانی هەڵاواردن و هاتنە سەردەستەڵاتی دەوڵەتێکی هەڵبژاردەن لە وڵاتەکەیاندا، کەچی ڕژێمی ئالی خەلیفە بەردەوام بە سەرکوتکردن و داپڵۆساندن وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەداتەوە.