تشرینی یه‌که‌م 22, 2017 12:57 Asia/Tehran
  • بەردەوام بوونی بنپێکرانی مافی زیندانیان لە بەحرەین

"کۆمەڵی مافی مرۆڤی بەحرەین" بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک رایگەیاند؛ کاربەدەستانی بەندیخانەی "جۆ" درێژە دەدەن بە داسەپاندنی بەرتەسکی بە سەر بەندییەکان و ئەمدواییە بۆ تۆڵە سەندنەوە لێیان، ئاویان لە ئاودەسەکانی بەندیخانە بڕیوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ماڵپەڕی "ئەلعەهد"ی لوبنان؛ لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ ئیدارەی بەندیخانەکانی بەحرەین هەروەها مافی بەندییەکان لەمەڕ وتووێژی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بنپێ کردووە و ماوەی پێکەوە قسەکردنیانیان کەم کردۆتەوە.

"کۆڕی مافی مرۆڤی بەحرەین" لە بەیاننامەی خۆیدا وتوویەتی: بارودۆخی  تەندرووستی بەندییەکان لەوان "ئیلیاس مەلا" لە چەن ڕۆژی ڕابردوو ڕوو لە نالەبار بوون ناوە و کاربەدەستانی بەندیخانە بەرامبەر بە چارەسەری و دەرمانی ئەم زیندانییە کەمتەرخەم بوون.

هەروەها بەندییەکەی دیکە بە ناوی "عەقیل حسێن جاسم" کە نەخۆشی ئازاری پشتەسەری درێژماوەی هەیە، لە دەرمان و چارەسەریی پێویستیی نەخۆشییەکەی بێوەری بووە.

ڕێکخراوی ئاشتی بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤی بەحرەین ئەمدواییە باسی گیرانی ١٥ هەزار کەس لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوو لەم وڵاتەی کردووە.

بەحرەین وەکوو چوکەترین وڵاتی ڕۆژاوای ئاسیا لە فێڤرییەی ساڵی ٢٠١١ـەوە بۆتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەی جەماوەری دژ بە ڕژێمی  ئالی خەلیفە. بەحرەینییەکان خوازیاری ئازادی، دامەزرانی دادوەری و هەڵگیرانی هەڵاواردن و هەروەها دەسەڵات گرتنە دەستی حکومەتێکی هەڵبژاێردراو لە وڵاتەکەیاندان.

  ڕژێمی ئالی خەلیفە لە جیاتی دابین کردنی داخوازەکانی جەماوەر، ڕووی کردۆتە توندتر کردنەوەی سەرکوت کاری و بەربڵاوتر کردنی گرتن و لەبەند کردنی بەحرەینییەکان..

 

سەرپەیڤ