تشرینی دووه‌م 14, 2017 18:39 Asia/Tehran
  • سەعد حەریری: تا دوو رۆژی داهاتوو دەگەڕێمەوە لوبنان

لە گەڵ بەرزبوونەوەی زەخت وگوشاری لوبنانییەکان و وڵاتانی دیکە لەسەر عەرەبستان، سەعد حەریری باسی گەڕانەوەی خۆی بۆ لوبنانی کرد هەتا دوو ڕۆژی داهاتوو.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەیادین، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان، لە پەیجەکەی لە توئیتەردا ڕایگەیاند: تا دوو رۆژی داهاتوو دەگەڕێتەوە لوبنان بەڵام خێزانەکەی لە عەرەبستان دەمێنێتەوە.

سەعد حەریری رۆژی چواری نۆڤمبەر سەردانی عەرەبستانی کردو لەکردەیەکی چاوەڕەوان نەکراو لە پۆستی سەرۆک وەزیریی لوبنان کشایەوە، سەرباری تێپەڕینی یانزە ڕۆژ بەسەر لەکارکشانەوەی حەریری، بەڵام ناوبراو جارێ نەگەڕاوەتەوە لوبنان.

میشل عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەجاران خوازیاری گەڕانەوەی حەریری بۆ بەیرووت بوو و ڕوو لە رژیمی عەرەبستان وتی: لوبنان ناچێتەژێر باری ئەوەی سەرۆک وەزیرەکەی لەدۆخێکدا بێ کە لەدژ پەیمانە جیهانییەکانە.

نەبی بێرری، سەرۆۆک پەرلەمانی لوبنانیش وتبووی؛ پرسی حەریری، ئیدی پرسێکی سیاسی نییە بەڵکوو گرێدراوی کەرامەتی نیشتمانی بووە.

فدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپاو ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسەش خوازیاری گەڕانەوەی سەعد حەریری بۆ لوبنان ببوون.

سەرپەیڤ