وەزیری دەرەوەی قەتەر: پێوەندی قەتەر لەگەڵ ئێران، بێ وێنەیە
وەزیری دەرەوەی قەتەر شەوی یەکشەممە پێوەندیی ئەم وڵاتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بێ وێنە وەسف کرد .
محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی ، لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی ئێم ئێس ئێن بی سی -ی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی کردە قەیرانی نێوان قەتەر و عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی و وتی : سیاسەتەکانی عەرەبستان و ئیمارات، پێش بینی ناکرێن.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتیشی : ئیدیعای عەرەبستان بە دژی دەوحە بەتەواوەتی بێ بنەمایە .
خالد بن محەممەد عەتیە ، وەزیری بەرەڤانیی قەتەریش ئەم دواییە بایکۆتەکانی عەرەبستان بە دژی دەوحەی بە زاڵمانە وەسف کرد و وتی : دوای سەپێندرانی ئەم بایکۆتانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردنەوەی سنووری ئاسمانی خۆی بەسەر فڕینەکانی قەتەر، یەکەمین وڵاتێک بوو کە یارمەتی ئەو وڵاتەی دا .
عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی واتە میسر، ئیمارات و بەحرەین، لە پێنجەمی ژووئەنی ساڵی 2017 ەوە ، لەبەر هاوڕەوت نەبوونی دەوحە لەگەڵ ڕەوتەکانی عەرەبی بە ڕێبەرایەتی ڕیاز ، پێوەندی دیپلۆماتیکی خۆیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و سەرباری سەپاندنی بایکۆت، سنوورەکانی زەوینی - دەریایی و ئاسمانی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتە دا داخست .
ئەم چوار وڵاتە بیست و سێی ژووئەن، لیستێکی سێزدەیانە لە داواکارییەکانیان دا بە قەتەر و ڕایانگەیاند ئاسایی بوونی پێوەندی لەگەڵ دەوحە بەستراوەتەوە بە جێبەجێ کرانی ئەم داواکارییانە.
گرینگترین مەرجی عەرەبستان و هاوپەیمانانی کە بۆ قەتەریان داناوە، پچراندنی پێوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵا ، داکرانی بەتەواوەتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە و لابردنی بنکەی سەربازی تورکیا لە نێو خاکی قەتەرە.
دەوحە ئەم مەرجانەی قەبووڵ نەکردووە.