کانونی یه‌که‌م 26, 2025 15:25 Asia/Tehran
  • خۆڕاگریی فەلەستین چەک دانانێت

هەردوو گرووپە خۆڕاگرییەکەی حەماس و جەهادی ئیسلامیی فەلەستین بە ئاماژە بە بەردەوامیی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی پێیانداگرت لەسەر ئەوەی کە خۆڕاگریی فەلەستین هەرگیز چەکی خۆی دانانێت.

هەیسەم ئەبو غەزلان، لە ڕێبەرانی باڵای بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی فەلەستین، بە ئیدانەکردنی بەردەوامبوونی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە، وتی: هیچ هێزێک ناتوانێت بە ئامانجی چەکداماڵینی خۆڕاگری بێتە کەرتی غەززە و چەکدانانی خۆڕاگریی شتێکە کە هەرگیز ڕوونادات. ناوبراو ئاماژه ی بەوە کرد که خۆڕاگری ڕوانگەیەکی ڕوون و ئاشکرای سەبارەت بە نەگونجاوبوونی چەکدانانی خۆی هەیە، وتیشی: ئەمریکاییەنیش لەوە تێگەیشتوون ، کەوایە کەس ناتوانێ دژایەتیی مانەوە خۆڕاگریی فەلەستین لە کەرتی غەززە بکات. ناوبراو بە ئاماژە بە پابەندبوونی خۆڕاگری بە ئاگربڕ وتی: سەرەڕای پابەندبوونی خۆڕاگری بە بڕگەکانی ئاگربڕ، ڕژێمی زایۆنی ئێستایش بەردەوامە لە جەنایەتەکانیدا.ئوسامە حەمدان، لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماسیش ئاماژەی بە پێشهاتەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی غەززە کرد و بە پێیداگریی لەسەر دژایەتیی توندی خۆی بۆ هەر چەشنە بە قەی بوونی لایەنی بیانی، ڕایگەیاند: ئێمە ناچینە ژێر چەکداماڵینی خۆڕاگری و ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی بیانی لە کاروباری ناوخۆی فەلەستین نادەین. حەمدان بە ئاماژەی بەوەی کە چوونە ناو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە دابینکردنی گەرەنتی ڕوونتر و بەڵێنی وردتر هەیە، وتیشی: ڕژێمی زایۆنی نەک هەر پابەند نییە بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕێکەوتن و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی پێشێل دەکات. ناوبراو ڕاشیگەیاند: خۆبواردنی ڕژێمی داگیرکەر لە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان نیشانەیەکی ڕوونە بۆ نیازی دەستپێکردنەوەی دەستدرێژی بۆ سەر کەرتی غەززە. ئەم ڕێبەرەی بزووتنەوەی حەماس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکانی ڕژێمی زایۆنی، پێگەی ئەمریکای لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر لە ڕابردوو دابەزاندووە، پێگەیەک کە لە بنەڕەتدا پێشتر خەوشابوو. 

سەرپەیڤ