ناڕەزایەتی جەماوەری فەلەستین بووە هۆی هەڵوەشانی سەفەری شاندی بەحرەینی بۆ غەززە
شاندێک لەلایەن رژیمی ئالی خەلیفەی بەحرەین کە چەند ڕۆژ پاش بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختیی ئیسرائیل سەردانی سەرزەوینە داگیرکراوەکانی کردبوو، پاش نەیارەتییەکانی جەماوەری فەلەستین ، سەفەر بۆ غەززەی هەڵوەشاند.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، شاندی بەحرەینی، ئەمڕۆ دووشەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەفەری پلان بۆکراو بۆ کەرتی غەززە کە بڕیاربوو لەڕێی بەیت حانون لەباکووری کەرتی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی داگیرکەرانی زایۆنییە، ئەنجام بگرێ، لەبەر نەیارەتییە فەرمییەکان و نەیارەتی گەلی فەلەستین هەڵوەشاوە.
لاوانی فەلەستینی کە بەمەبەستی پێش گرن بە چوونی لێژنەیەکی حکومەتیی بەحرەین بۆ کەرتی غەززە، گردببوونەوە، بە تێگرتنی پێڵاو، بەرد و هێلکەی گەنیو لە شاندی بەحرەینی، ڕایانگەیاند: ڕێگە نادەن ئەو شاندە پاش سەفەری سازشکارانە بۆ ئیسرائیل بچێتە کەرتی غەززە.
وەزارەتی پەروەردەو بارهێنان و خوێندنی باڵای فەلەستینیش لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو: قەت پێشوازی ناکرێ لەشاندی بەحرەینی لە خوێندنگە فەلەستینییەکان و لەگەڵیاندا بەرەوڕوو دەبنەوە.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) یش ڕایگەیاند: سەفەری شاندی بەحرەینی بۆ فەلەستینی داگیرکراو، تاوانێکە کە دەبێتە مایەی هاندانی رژیمی زایۆنیستی بە درێژەدان و تاوپێدانی تاوانکارییەکان و دەسدرێژکارییەکانی لەدژ گەلی فەلەستین.
سەفەری شاندی بەحرەینی بۆ سەرزەوینە داگیرکراوەکان لەکاتێکدایە کە جیهان بووەتە گۆڕەپانی توندوتیژیی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیارەکەی ترەمپ دژ بە قودس.