کانونی دوھەم 29, 2018 14:21 Asia/Tehran
  • تەیید کرانی بڕیاری زیندان و سەندرانەوەی مافی شارومەندایەتی لە شێخ عیسا قاسم لە بەحرەین

دادگەی پیاداچوونەوەی بەحرەین بڕیاری ساڵێک زیندان و سەندرانەوەی مافی شارومەندایەتی لە شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی ناوداری ئەم وڵاتەی تەیید کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ئەلمینار، ئەم کارەی ئالی خەلیفە دژی شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی ناوداری وڵاتی بەحرەین لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ داوای لەم ڕژێمە کرد بوو کە ماوەی ئەوە بدات ڕەوتی چارەسەریی ئەم مامۆستا ئایینییەی شێعەکانی بەحرەین لە ھەل و مەرجێکی ئاسایی  و بە بێ ھیچ جۆرە تەوژم و گوشارێک ئەنجانم بگرێت.

شێخ عیسا قاسم کە لەم دواییەدا نەشتەرگەریی بۆ کراوە لە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەرەوە ھەمیسان لە ماڵەوە دەستبەسەرە.

ڕژێمی ئالی خەلیفە بە سەندنەوەی مافی شارومەندایەتی لە شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی پایەبەرزی بەحرەینی لە ژوئەنی ساڵی دووهەزارو شانزە، ناوچەی ئەلدۆراز شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەم مامۆستا ئایینییە پایەبەرزەی خستووەتە ئابڵۆقەوە.

ھەواڵێکی دیکە ئەمەیە کە، دادگەی سەربە ڕژێمی ئالی خەلیفە بڕیاری ئێعدامی بۆ ماھر خەبباز لاوی شێعەو ھەڵسوڕاوی مافی مرۆڤی بەحرەینی دەرکردووە بە تۆمەتی پوچەڵی بەشداری کردن لە کوشتنی ئەندامێکی ھێزەکانی پۆلیس.

ماھر خەبباز کە بڕیاری ئێعدامی بۆ دەرچووە چەندین ساڵە لە بەندیخانەکانی ئالی خەلیفەدا لەژێر ھەموو جۆرە ئەشکەنجەو ئازارێکدایە.

بەحرەین لەو وڵاتانەیە کە لەچاو حەشیمەتەکەی زیاترین ژمارەی زیندانی کراوی هەیە. بە قسەی ڕێکخراوە مافەوانییە خۆجێییەکانی ئەم وڵاتە، لانیکەم سێ هەزار شارومەندی بەحرەینی لە بەر هۆکاری سیاسی لە بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.

ڕژێمی ئالی خەلیفە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزامەندییەکانی جەماوەر لەم وڵاتە ژمارەیەکی زۆری ڕێبەرانی نەیاری قۆڵبەست کردووەو بە بوختان و دۆسیەی ساختە زیندانی درێژ ماوەی بۆ بڕیونەتەوە. ئەم ڕژێمە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یانزە ھەزار شارومەندی بەحرەینیی بە تۆمەتگەلی بێ بنەماو پوچەڵ قۆڵبەست کردووەو مافی شارومەندایەتیی لە کۆمەڵێکیشیان سەندووەتەوەو یان لە وڵات وەدەری ناون.

بەحرەین لە چواردەی فڤریەی ساڵی دووهەزارو یازدەوە گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕینی ئاشتیانەی دژی ئالی خەلیفەیە. جەماوەری ئەم وڵاتە خوازیاری چاکسازیی سیاسی ،ئازادی، دامەزرانی دادگەری و نەمانی هەڵاواردن و هاتنە سەردەستەڵاتی دەوڵەتێکی هەڵبژاردەن لە وڵاتەکەیاندا، کەچی ڕژێمی ئالی خەلیفە بەردەوام بە سەرکوتکردن و داپڵۆساندن وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەداتەوە.

سەرپەیڤ