بیست و پێنج کوژراو و بریندار لەئاکامی تەقینەوەکەی لاهوری پاکستان
تەقینەوەی بۆمبێک لە وێستگەی پشکنینی شاری لاهوری ناوەندی ئەیالەتی پەنجابی پاکستان بیست و پێنج کوژراوو برینداری لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، کاربەدەستێکی خۆجێیی لاهور ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای تەقینەوەی بۆمب لە ناوەندی پشکنینی پۆلیسی لاهور، حەوت کەس کوژران و هەژدە کەسیش بریندار بوون .
هەندێ سەرچاوەی هەواڵ ڕایانگەیاند: لەبەر تەقینەوەی بۆمب لە ڕۆژاوای شاری لاهوری پاکستان، سی کەس لەوان حەوت پۆلیس بریندار بوون .
ئەم کاربەدەستە ئاگادارە وتیشی: ئۆپراسیۆنی فریاگوزاری و ڕزگاری لە شوێنی تەقینەوەی بۆمبەکە درێژەی هەیە.
حەیدەر ئەشرەف کاربەدەستێکی پۆلیسی لاهوریش وتی: تەقینەوە لە کاتی گۆڕینی پۆستەکان و کاتێک ڕووی دا کە ڕێ وڕەسمی ئایینی لە نیزیک شوێنی بۆمب دانانەکە بەڕێوە دەچوو.
تائێستا هیچ کەس یان تاقمێک بەرپرسایەتی تەقینەوەی لاهوری پاکستانی نەگرتوەتە ئەستۆ.