پەسەند کرانی بڕیاری ئێعدامی شەش بەحرەینی لە لایەن دادگەی سەربازیی ڕژێمی ئالی خەلیفەوە
دادگای پیاداچوونەوەی سەربازیی بەحرەین، بڕیاری ئێعدامی شەش شارومەندی ئەم وڵاتەی بە تۆمەتی بێ بنەمای ھەوڵدان بۆ تیرۆری سەرکردەی گشتیی ھێزەکانی بەرەڤانیی بەحرەینی پەسەند کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، میدیاکانی بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند: دادگەی سەربازیی بەحرەین ناڕەزایەتیی تۆمەتبارانی لە بارەی بڕیارەکەی پێشوو سەبارەت بە ئێعدام کردنیانی بە جێگای قەبووڵ نەزانی و پەسەندی کردەوە.
ساڵی ڕابردوو دادگای سەربازیی بەحرەین ئەم شەش کەسەی بە تۆمەتی بێ بنەمای ھەوڵدان بۆ تیرۆری ( خەلیفە بن ئەحمەد خەلیفە) سەرکردەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەحرەین بەرەوڕووی ئێعدام و سەندنەوەی مافی شارومەندایەتیی کرد بوو.
بە قسەی میدیاکانی بەحرەین، دوو کەس لە تۆمەتباران لە ھاوڕێیان و لایەنگرانی شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی ناوداری شێعەکانی بەحرەینن.
دامەزراوە مافەوانییەکان بە دەرکردنی بەیاننامەگەلی بەردەوام داوای ھەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارانەیان کردووە و دادگایی کرانی ئەو لاوانەی بەحرەینیان بە بێ بنەماو نادادگەرانە زانیوە.
بە سەندرانەوەی شارومەندایەتی لە شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی پایەبەرزی بەحرەینی لە ژوئەنی ساڵی دووهەزارو شانزە، جوڵانەوەی سەربازی لە ناوچەی ئەلدۆراز زیاتر پەرەی سەندووە. بەحرەین لە چواردەی فڤریەی ساڵی دووهەزارو یازدەوە گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕینی ئاشتیانەی دژی ئالی خەلیفەیە. جەماوەری ئەم وڵاتە خوازیاری ئازادی، دامەزرانی دادگەری و نەمانی هەڵاواردنن لە وڵاتەکەیاندا.
ڕژێمی ئالی خەلیفە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزامەندییەکانی جەماوەر لەم وڵاتە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو پتر لە یانزە ھەزار شارومەندی بەحرەینیی بە بوختانگەلی بێ بنەما قۆڵبەست کردووەو بڕیاری ئێعدامی بۆ کۆمەڵێکیان دەرکردووەو مافی شارومەندایەتیشی لە زۆرێکیان سەندووەتەوەو یان لە وڵات وەدەری ناون.