پێداگریی ئەردوغان لە سەر بەردەوامیی بەرگری لە قودس وەکوو پێتەختی فەلەستین
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند ؛ ئەم وڵاتە هەموو توانای بەکار دێنی بۆ بەرگری لە قودسی پیرۆز وەکوو پێتەختی فەلەستین.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئاماژە بە گرینگایەتیی مەسەلەی فەلەستین وتی؛ تورکیا تا هەتایە بەرگریکاری وڵاتی فەلەستین بە پێتەختی و ناوەندێتیی قودسی پیرۆز دەمێنێتەوە و لە هەمبەر هەر دەسەڵاتێک کە بیهەوێ مافی یاسایی فەلەستینییەکان بنپێ بکات، ڕادەوەستێ.
سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕەخنە لە کارنامەی لاوازی نەتەوە یەکگروتووکان لە دابین کردنی ئاسایش و گەشانەوەی جیهانی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئەم ڕێکخراوەیە لە دابین کردنی داخوازەکانی مرۆڤایەتی لەمەڕ دابین کردنی ئاشتی تەواو دوور کەوتۆتەوە.
ئەردوغان بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ تەنیا لە چوارچێوی قازانج و بەرژەونەدییەکانی پێنج ئەندامی هەمیشەیی کە مافی ڤیتۆیان هەیە دەجوڵێتەوە، راشکاوانە رایگەیاند: ئەم ئەنجومەنە لە هەمبەر ئەو زوڵم و زۆرەی لە جیهاندا ڕوو دەدات بێدەنگەی کردووە و دەبێ پێداچونەوە بکرێ بە سەر داڕشت و بەرنامەکانیدا.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها بە ئاماژە بە گوشار و بایکۆتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژ بە وڵاتەکەی وتیشی: تورکیا بەرامبەر بەو زەخت و گوشارە بێدەنگ نابێ.
ئەردوغان هەروەها جەختیشی کرد دەبێ پێش بە هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەی یەک لایەنە بگیردرێ و کێشە و ناکۆکی بە وتووێژ و دانوستان چارەسەر بکرێ.