ئۆپەراسیۆنی دەزگەی ئەمنیی عەرەبستان لە ناوچەی شیعەنشینی قەتیف
دەزگەی ئەمنیی عەرەبستان رایگەیاند؛ سێ کەسی پێ و شوێنگیراو لە ناوچەی شیعەنشینی قەتیف لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە کوژراون.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتیی عەرەبستان (واس) دەزگەی ئەمنیی ئەم وڵاتە رایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەکانی ئەم ناوەندە رۆژی چوارشەممە بە گەمارۆدانی حەشارگەی سێ کەسی پێ و شوینگیراو لە ناوەڕاستی ناوچەی شیعەنشینی قەتیف ، ئەم کەسانەیان کوشتووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ کەسانی کوژراو هەر سێیان شاروومەندی سەعوودی بوون و لەو شەڕ و پێکدادانەدا سێ هێزی ئەمنیی سەعوودیش کوژران.
ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان شوێنی نیشتەجێ بوونی شیعەکانی ئەم وڵاتەیە کە ٢٠%ی حەشیتمەتی عەرەبستان پێک دێنن.
لە ساڵانی ئەمدواییەدا ڕژێمی دەسەڵاتداری عەرەبستان نەیارانی خۆی بە تۆمەتی جۆربەجۆر لەوانە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی خستۆتە بن پێ و شوێنگرتن و لەبەند کردن و ئەشکەنجە دان و تەنانەت زۆرێک لەو نەیارانەی لە هەڵمەتی لەپێشەوە پلان بۆ دارێژراو کوشتووە. هەر بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە کەسانی کوژراو لە هەڵمەتەکەی ڕۆژی چوارشەممەی هێزەکانی ئالی سەعوود لە ناوچەی شیعەنشینی ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەیش لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی سیاسی بن.