کۆبوونەوەی "داووسی سەحرا" لەبەر سیاسەتەکانی بن سەلمان بێ ئاکام دەبێ
سیاسەتەکانی پاشمیری عەرەبستان، ئەو وڵاتەی بەرەوڕووی قەیرانی ئابووری و سیاسی جۆراوجۆر کردووە.
بەپێی ڕاپۆری ئەلمەسیرە نێت، جڤینی دەسپێشخەریی سەرمایەنانەوەی داهاتوو لە عەرەبستان ناسراو بە "داووسی سەحرا" ئەمڕۆ سێ شەممە بەئامانجی ڕاکێشانی سەرمایە دەرەوەییەکان لە عەرەبستانی سەعوودی لەکاتێکدا دەس پێ دەکا، کە ئەو وڵاتەی لەبەر سیاسەتەکانی "محەممەد بن سەلمان" پاشمیری عەربەستان، بەرەوڕووی قەیرانی ئابووری و سیاسی جۆراوجۆر کردووە.
جڤینی داووسی سەحرا لەلایەن سندوقی سەرمایەنانەوە گشتییەکان بەسەرۆکایەتی بن سەلمان ئەمڕۆ لە ڕیاز کاتژمێر٩ی بەیانی بەکاتی خۆجێی(شەشی سەرلەبەیانی بەکاتی گرینویچ) دەس پێ کراو رۆژی پێنج شەممە کۆتایی بەکارەکەی دێنێ.
ئەو کۆبوونەوە لەکاتێکدا دەس پێ دەبێ کە پاش کوژرانی "جەمال خاشقچی" رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سەعودی، لە کۆنسولخانەی عەرەبستان لە تورکیا، زۆرێ لە بەشداربووان لەوان، بازرگانان و سەرۆک کۆمپانیا ئابوورییەکانیانی بایکۆت کردووە.
ئەو کۆبوونەوە رۆژێک کاری خۆی دەس پێ دەکا کە بڕیارە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی پشکێنەرانی تورک لەمەڕ کوژرانی خاشقچی بەتەواوەتی ڕابگەیێنێ.
ئەردۆغان یەکشەممەی ڕابردوو بەڵێنی دا رۆژی سێ شەممە ڕاستییەکانی پشتی پەردەی کوژرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەی عەرەبستان لە لێدوانێکدا لەنێو نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی تورکیا ڕابگەیێنێ.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی خاشقچی، بەرپرسانی عەرەبستانی سەعودی سەرەتا ڕایانگەیاند کە خاشقچی کۆنسولخانەکەی هەمان ڕۆژی دووی ئۆکتۆبر پاش سەردان کردنی، جێهێشتووە. بەڵام پاش گوشارە نێودەوڵەتییەکان ناچاربوون دان بەوەدابنێن کە خاشقچی لەناو کۆنسولخانەکەو پاش تێکهەڵچوونێک کوژراوە.
بەڵام میدیاکانی جیهان باسی ئەگەری دەستتێدابوونی محەممەد بن سەلمان پاشمیری عەرەبستانیان کرد لەمەڕ کوژرانی خاشقچی و ئەمجارە بەرپرسانی عەرەبستان، نکۆڵیان کرد لە دەستتێوەردانی بن سەلمان لەو تاوانکارییەدا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە کردەوەی محەممەد بن سەلمان واپێشان ئەدا کە ناوبراو لە دۆسییە سەرەکییەکانی ئالی سەعوود سیاسەتی"مستی ئاسنین" دەکار دەگرێ و بەرلەوەش، شایەتی گرتنی بەکۆمەڵی کەسایەتییە دینی، فەرهەنگی و مافەوانییەکانی عەرەبستان بووین.
لەلایەکی دیکەوە ریاز بۆ چوارەمین ساڵی بەدوای یەکدا شەڕێکی پڕخەرج لەدژ یەمەن بەڕێوە دەبا. ئالی سەعود لەماوەی ئەو چوار ساڵە تاوانی زۆری لەدژ خەڵک و وڵاتی یەمەن ئەنجام داوەو خرابترین کارەساتی مرۆیی لەجیهاندا بەدیهێناوە.
پاش ئەوەی بن سەلمان لە ژوولای٢٠١٧ وەک پاشمیری عەرەبستان هەڵبژێردرا، ریاز تێوەگلاوی کێشمەکێشی دیپلۆماتیکی نێودەوڵەتی بۆ وێنە لەگەڵ ئاڵمان و کەناداش.
عەرەبستان سەرۆکایەتی وڵاتانی بایکۆتکەری قەتەریشی لەئەستۆیە. پاشمیری عەرەبستان، پۆستی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەشی لەئەستۆیە.
شەڕ و ئەو چەشنە کێشمەکێشە سیاسییانە، پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان، وەک گەورەترین بنێری نەوت لە جیهان، لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆری خستووەتەبەر مەترسی.
بەرلین، رۆژی دووشەممە، داوای لە ئوروپییەکان کرد گرێدانی هەرچەشنە ڕێککەوتنێکی چەکئامێری لەگەڵ ڕیاز هەتا کاتی ڕوونبوونەوەی ڕاستیی دۆسییەی کوژرانی خاشقچی، هەڵپەسێرن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی کۆبوونەوەی داووسی سەحرا، ئابووریی عەرەبستان لەگەڵ پرسی داڕمانی بەهای بەرەبەشەکان لە بۆرسەی ناوخۆیی بەرەوڕوو بووە.
بەڵام هەکەرەکان بەکنەکردنە نێو ماڵپەڕی جڤینی داووسی سەحرا، چەند وێنەیەکی محەممەد بن سەلمانیان داناوە لەحاڵێکدا کە شمشێری خوێناوی لەدەست دایەو جەمال خاشقچی لەبەرامبەری دانراوەو لەسەر ئەو وێنانە نووسراوە، "عەرەبستان ڕێکخەری تیرۆریزم"ـە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی عەرەبستان، بن سەلمان دوێنێ دووشەممە لەگەڵ "ستێفان منوشین" وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە ریاز وتووێژی کرد.
ئەو دیدارە لەکاتێکدا بەڕێوە چوو کە وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، هاوبەشی خۆی لە کۆبوونەوەی داووسی سەحرا پاش کوژرانی قاشقچی، هەڵوەشاندووە.
جگە لە منوشین، ژمارێکی زۆر لە وەزیرانی ئابووریی وڵاتانی ئوروپایی، بەرپرسانی دەم و دەزگە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆک کۆمپانیا ئابوورییەکان لەوان؛ "کریستیەن لاگارد" سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی پارە، ش هاوبەشیی خۆیان لەو جڤینە هەڵوەشاندۆتەوە.
میدیا هەواڵییەکان لەوان هەواڵدەریی بلومبرگ، سی ئێن ئێن و فەینال نەشناڵ تایمزیش هەواڵی ئامادەنەبوونی پەیامنێرانیان لەو جڤینەیان ڕاگەیاندووە.
بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەی داووسی سەحرا دوێنێ پێڕستی وتاردەران لە جڤینەکەیان لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی ئەو جڤینە لابردو سەبارەت بە ژماری بەشداربووان لەو جڤینە، هیچ زانیارییەکیان نەخستەڕوو.