هێرشی کۆپتەرەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە
ژێدەرە هەواڵییەکان سەر لە بەیانی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە ڕژێمی زایۆنی پەلاماری کردۆتە سەر باکووری کەرتی غەززە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ژێدەرە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند کۆپتەرەکانی ڕژێمی زایۆنی چەندین جار ناوچەی "بەیت لاهیا"ـیان لە باکووری کەرتی غەززە داوەتە بەر پەلامار.
چوارشەممە و هەینیی ڕابردوویش ناوەند و باشووری کەرتی غەززە وەبەر پەلاماری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنی کەوتبوو.
پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە کاتێکدایە کە ئەو ناوچەیە لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووە دوابەدوی پەردەلادانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەر گەڵاڵەی "سەودای سەدە" بۆتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان.
سەودای سەدە گەڵاڵەیەکی نوێ لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوەیەوە کە ئامانجی تیابردنی مافەکانی گەلی فەلەستینیە؛ ئەو گەڵاڵەیە بە هاوکاری و ڕەزامەندیی ژمارێک وڵاتی عەرەبی لەوان عەرەبستان ئامادە کراوە. ئەم گەڵالەیە، قودس پێشکەشی ڕژێمی زایۆنی دەکات و ڕێگای خەبات لە سەر هێزەکانی خۆڕاگری دادەخات و ئاوارە فەلەستینییەکان لە مافی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان بێوەری دەکات. درانی ٣٠%ی کەرتی ڕۆژاوای چۆمی ئۆردۆن بە ئیسراییل لە بڕگەکانی دیکەی ئەو گەڵاڵە دزێوەیە.
بە پێی ئەم گەڵاڵەیە؛ فەلەستین تەنیا خاوەنی ئەو ناوچانەی دەبێ کە لە کەرتی ڕۆژاوای ئەردەن و کەرتی غەززە بۆی ماوەتەوە. هەموو گرووپ و کۆتلە فەلەستینییەکان نەیارەتیی ڕاشکاوانەی خۆیان دژ بەو گەڵاڵەیە ڕاگەیاندووە. زۆرێک لە وڵاتان، کەسایەتییەکان، کاربەدەستانی سیاسی و ئایینیی سەرانسەری جیهانیش بەتایبەت موسڵمانان ئەو گەڵاڵەیان ئیدانە کردووە.