جەختی زانایانی موسڵمانی لوبنان لە سەر دان بەخۆداگرتنی تەوەرەی خۆڕاگری لە ھەمبەر گوشارەکانی ئەمریکا
کۆمەڵەی زانایانی موسڵمانی لوبنان لە سەر بەردەوامیی ڕاوەستانی تەوەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر گوشارو بایکۆتەکانی ئەمریکا پێی داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلمینار، کۆمەڵەی زانایانی موسڵمانی لوبنان ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: تەوەرەی خۆڕاگری لە سەر بەرنگار بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و بایکۆتەکانی ستەمکارانەی بەردەوام دەبێت و ئەم گوشارانە نەک ھەر زەبر لە خۆڕاگری ناوەشێنێ، بەڵکو بەرخۆدانی ھێزەکانی خۆڕاگریش زیاتر دەکات ھەتا ئەرکی خۆیان واتە ڕزگارکردنی تەواوی سەرزەوینی فەلەستین بەجێ بێنن.
لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی زانایانی موسڵمانی لوبنان دا ھاتووە: ناوچەکە لە ئەنجامی ھەوڵی زایونی_ئەمریکییەکان بۆ داسەپاندنی سیاسەتێک کە داگیرکاریی زایونییەکان لە سەرزەوینی فەلەستین دا پتەوتر کاتەوە، بە ھێندێک گێرەوکێشەی سیاسییەوە تێوە گلاوە.
کۆمەڵەی زانایانی موسڵمانی لوبنان وێڕای ئیدانە کردنی کردەوەی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەمەڕ دەست پێ کردنەوەی ھاواھەنگیی ئاسایشتی لەگەڵ ڕژێمی زایونی، پێی داگرت، ئەم ھەنگاوە ھەلی وەدی ھاتنی ئاشتەوایی نیشتیمانیی فەلەستینییەکان لەبار دەبات.
کۆمەڵەی زانایانی موسڵمانی لوبنان لە بەیاننامەکەدا دەست درێژکاریی ڕژێمی زایوتی بۆ سەر سووریاشی ئیدانە کردووەو لە دیمەشقی ویستووە ئەو دەست درێژکارییە لە سەر بنەمای ستراتژیای وەڵام دانەوەی گوللـە بە گوللـە وەڵام بداتەوە، چونکو ئەمە تاکە زمانێکە کە زایونییەکان لێی تێ دەگەن.