خالید ئەلبەتش: داکۆکییەکانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە فەلەستین دەربڕی بوونی پاڵپشتێکی ھێزمەند بۆ خۆڕاگرییە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین وێڕای ئاماژە کردن بە داکۆکییەکانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە خۆڕاگریی فەلەستین وتی: کاتێک کە بەڕێزی ڕاشکاوانە باسی داکۆکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خۆڕاگریی فەلەستین دەکات، خەڵکانی جیھان ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە خۆڕاگریی فەلەستین خاوەنی پاڵپشتێکی ھێزمەندە.
«خالید ئەلبەتش» ئەندامی مەکتەبی سیاسیی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ھەواڵدەریی میھر وتی : قودس ڕووگەی یەکەمی موسڵمانانی جیھانە و ئەو سەرکەوتنەش لە ڕەوتی پێکدادانی ١٢ ڕۆژەی غەززەدا مسۆگەر کرا ھی ئوممەتی ئیسلامی و عەرەبی و تەواوی بیرئازادانە.
ئەلبەتش وتیشی: گرینگترین دەستکەوت و دەرەنجامی پێکدادانە ١٢ ڕۆژەکەی غەززە ئەمە بوو کە دوژمنی زایونی لەوە تێگەییشت کە قودس تەنیا نییە. ئەو موشەکانەی کە تاقمە خۆڕاگرەکان لە شارۆچکە زایونی نشینەکانیان دەگرت ھەڵگری ئەم پەیامە بوون کە زایونییەکان قەت ناتوانن دەستەڵاتی خۆیان بە سەر قودس دا بسەپێنن و ئەم شارە بۆ ھەتاھەتایە وەک پێتەختی فەلەستین دمێنێتەوە.
ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە وتەکانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: وتەکانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەڵگری ئەو پەیامە بوو کە ئێمە ڕۆڵەی یەک ئوممەتین. کاتێک کە بەڕێزی ڕاشکاوانە باسی داکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خۆڕاگریی فەلەستین دەکات، خەڵکانی جیھان ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە خۆڕاگریی فەلەستین خاوەنی پاڵپشتێکی ھێزمەندە.
«خالید ئەلبەتش» وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی شەھید «سولەیمانی» لە ھێزمەند کردنی خۆڕاگری، وتیشی: یەکێک لەو موشەکانەی کە خۆڕاگری لە پێکدادانەکەی ئەم دواییەی غەززە بەکاری ھێنا، موشەکی «قاسم»بوو کە بەھێزترین موشەکی حەماس دێتە ئەژمار.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی ئەمەی کە ڕژێمی زایونی لەوەش لاوازترە کە وا ھێندێک بۆی دەچن، جەختی کرد: خۆڕاگری دەتوانێ شکستی ستراتژیی زۆر یبەسەر زایونییەکاندا بسەپێنێت.