بە دیلگیرانی سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی ڕۆژئاوا
سەرچاوە فەلەستینییەکان باسی بە دیلگیرانی "جەواد ئەلجەباری" یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)یان کردووە لە شاری ئەلخەلیلی کەرتی ڕۆژئاوا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ،سوپای ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی یەکشەممە لە شاری ئەلخەلیل هەڵیانکوتایە سەر ماڵی جەواد ئەلجەباری تەمەن ٥٦ ساڵ، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزوتنەوەی حەماس و یەخسیریان کرد.
ئەلجەباری زیندانییەکی ئازادکراوە و نزیکەی ٢٠ ساڵ تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی فەلەستینی داگیرکراودا بەسەر بردووە.
ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری ئەلخەلیل لەدایک بووە. یەکەم دەستگیرکرانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦، لەو ماوەیەدا بۆ ماوەی مانگێک لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا کراوە و دوای ئەوەش لە ماوەی چەندین ساڵ خەباتدا، بەردەوام دەستگیرکراوە.
لە ئێستادا زیاتر لە چوار هەزار و ٨٠٠ فەلەستینی لە زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیدا یەخسیرن و لەوانە ١٧٠ منداڵ و ٣٩ ژن و دەیان کەسی بەساڵاچوو.