ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕێگری لە ناشتنی کەسوکاری فەلەستینییەکان کرد
ڕژێمی زایۆنی بە ڕاگرتنی کارەکانی دامەزراوەی پزیشکی دادوەریی "ئەبو کەبیر"، ڕێگری دەکات لە نێژرانی مردووە فەلەستینییەکان لە ڕۆژانی شەممەدا.
کابینە توندڕەوەکەی تەلەبیب بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە لە کاردانەوە بە هەوڵی فەلەستینییەکان بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ دادگای نێودەوڵەتیی (لاهای)، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی سزای دژی گەلی فەلەستین پەسەند کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی سەماء، «وەلید تەها» سەرۆکی فراکسیۆنی "لیستی یەکگرتووی عەرەبی" ڕایگەیاندووە، بەم دواییە نامەیەکی لە بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی «ئەبو کەبیر» بۆ کاروباری پزیشکی دادوەریی پێگەییشتووە، کە بەپێی ئەو نامەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، خزمەتگوزاریی پزیشکی دادوەری لە ڕۆژانی شەممەدا پێشکەش بە فەلەستینییەکان ناکرێت، هەربۆیە ناتوانن لەم ڕۆژەدا مردووەکانیان بنێژن.
ئەم فراکسیۆنە لەگەڵ کابینەی پێشووی ڕژێمی زایۆنی گەیشتبووە ڕێکەوتنێک کە دامەزراوەی باسکراو لە کۆتایی حەوتەدا چالاک بێت بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان بتوانن بە پێی ئەو نەریتە عەرەبی-ئیسلامییەی کە «باشترین ڕێزنان لە مردوو ناشتنیەتی» بە زووترین کات مردووەکانیان بنێژن.
«وەلید تەها» کابینەی نەتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە داخستنی دامەزراوەی «ئەبو کەبیر» لە ڕۆژانی شەممەدا لە یەکەم دەرەنجامەکانی هاوکاریی نێوان ناتانیاهۆ، سموتریچ و بن گوێر واتە کەسایەتیە توندڕەوەکانی کابینەی نوێی حکومەتی زایۆنیستیە.
ھەر لەم ئاراستەیەدا وەزارەتی دەرەوەی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین ئەم ھەنگاوانەی ڕژێمی زایۆنیستیی بە «بەرنامەیەکی کۆلۆنیالیستی ڕەگەزپەرستانە» دژی فەلەستینییەکان و هەروەها «پێشێلکارییەکی ڕوون»ی بەڵێنمەندییەکانی تەلەبیب زانی وەک داگیرکەرێک و شەرمەزاری کرد.