کاردانەوەی حەماس بەرامبەر بە ھێرشی ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سوریا
بزوتنەوەی حەماس ھێرشی ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی سوریای شەرمەزار کرد.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی ئیسرائیل سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوی جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئەم وڵاتەو و سنووری ئاسمانیی سوریایان بەزاند.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دەستدرێژکاریی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی سووریای کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی سووری لە دیمەشق و دەوروبەری بە توندی ئیدانە کرد.
بزوتنەوەی حەماس وێڕای سەرەخۆشی کردنی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی سووری لەم هێرشە دڕندانەیەدا، جەختی لە گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی و تاوانەکانی دوژمنی زایۆنی لە ڕێگەی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ئومەتی ئیسلامی و عەرەبی کردەوە.
حەماس لەم بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر فەلەستین و ئوممەت و ئاشتی و ئاسایشی تەواوی ناوچەکە.
ئەم بزوتنەوە فەلەستینییە هەروەها ڕاشیگەیاند کە ڕژێمی زایۆنی شەڕێکی ڕەهایەو بەس هێزو خۆڕاگری توانای ڕاگرتن و دەرکردنی داگیرکەران لە خاک و پیرۆزگاکانی فەلەستینیان هەیە.