ئادار 28, 2023 07:28 Asia/Tehran
  • هەزاران خۆپیشاندەری ئیسرائیلی لەبەردەم پەرلەمان دا گرد بوونەوە/داواکاریی ناتانیاهۆ لە خۆپیشاندەران

سەرچاوە عیبری زمانەکان پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە باسی بەردەوامیی خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە ئیسرائیلییەکانیان کرد بۆ شەرمەزار کردنی پلانی چاکسازیی دادوەریی کابینەی ڕژێمی زایۆنی.

ڕژێمی زایۆنی لە دوای کردەوەی ھەراسازکەری کابینەکەی ناتانیاھۆی  سەرۆکوەزیران و پلانی چاکسازیی دادوەریییەکەی ڕووبەڕووی ناکۆکی و ئاڵۆزیی ناوخۆیی بووەتەوەو ئەم ناکۆکییانەش دوابە دوای ھەوڵی دوورخرانەوەی «یۆئاڤ گالانت» لە پۆستی وەزیری جەنگ لەلایەن ناتانیاهۆو مانگرتنی گشتی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی عەرەبیی سکای نیوز بە گێڕانەوە لە سەرچاوە عیبریەکان؛ لە درێژەی ئەم پێشهاتانەدا، دەیان هەزار ئیسرائیلی لەسەر داوای ڕێبەرانی فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنی و ھاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندرانی ھەواڵی ئامادە بوونی «ناتانیاھۆ»  لە بەردەم بارەگای کنێست (پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی) لە قودسی داگیرکراو گردبوونەوە.

هەروەها سەرچاوە میدیاییەکانی عیبری زمان باسی ئەوەشیان کردووە کە بەشێک لە خۆپیشاندەران چوونەتە ناو بینای کنێستەوە.

"یایر لاپید"، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنی لە لێدوانێکدا لە نێو نەیارانی ئیسرائیلی لە قودسی داگیرکراو ڕوو لە خۆپیشاندەرانی ئیسرائیلی  وتی: ھەتا کاتێک کە ئیسڕائیل بە پێی یاسا بەڕێوە نەچێت، بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکاندا.

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی نەیارانی چاکسازیی دادوەری، بەشێک لە لایەنگرانی ڕاستڕەوی ئەو چاکسازیانەش داوای خۆپیشاندانیان کردووە بۆ پشتیوانی لەم پلانە ھەراسازکەرەو پۆلیسی ڕژێمی داگیرکەریش ئامادەکاریی پێویستی بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان لە نێوان نەیاران و لایەنگرانیدا دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا «بنیامین ناتانیاهۆ» لێدوانەکەی سەبارەت بە چاکسازییەکانی دادوەری هەڵوەشاندەوە و بۆ کاتێکی دیکە دوای خست ولە تویتێکدا داوای لە هەموو خۆپیشاندەران کرد کە بەرپرسیارو ئەرکناس بن و خۆیان لە هێنانی توندوتیژی بۆ نێو سەر زەوییە داگیرکراوەکان بەدوور ڕابگرن.

سەرپەیڤ