ئەلبەخیتی: زایۆنییەکان شەڕی غەززە ڕانەوەستێنن، بژاردەی زۆرمان هەیە بۆیان
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەنساروڵڵای یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە هێزە یەمەنییەکان بۆ یارمەتیدانی سەرکەوتنی غەززە و پشتیوانی لە گەلی فەلەستین دەستیان گرتووە بەسەر گەمییەکی ئیسراییلیدا، وتیشی: ئەگەر شەڕی غەززە ڕانەگیردرێت، ئێمە بژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە دژی ڕژێمی زایۆنی.
"محەمەد ئەلبەخیتی" ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەنساروڵای یەمەن لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: دانپێدانانی ڕژێمی زایۆنی بەوەیدا کە ئەم گەمییە هی بازرگانێکی ئیسراییلییە، پیشاندەری سەرکەوتوو بوونی ئۆپەراسیۆنەکەی یەمەنە لە سۆنگەی سەربازی و هەواڵگرییەوە. سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە گۆڕەپانی سەربازیدا زۆر بەرچاوە، لەبەر ئەوەی کە گەمیی جەنگیی زۆر لە گەمیی ئەمریکایی، بەریتانی، و فەرەنسی بگرە تا گەمی سەعودی یان ئیماراتی لە نزیک ئاوەکانی یەمەندا لە هاتووچۆدان و هێزی هەواڵگریی یەمەن توانی ئەم گەمییە لەنێو هەموویاندا ناس بکات و بە سەرکەوتوویی ناچار بە وەستانی بکات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵای یەمەن سەبارەت بە توانای هێزە یەمەنییەکان لە بواری کۆنترۆڵکردنی گەمییەکەی ڕژێمی زایۆنی، وتی: یەمەن توانا سەربازییەکانی بەتایبەت لە هێزی دەریاییدا لە بواری بەلەمی سەربازی خێرا و مووشەکی دژەپاپۆڕ گەلێک گەشە پێداوە. ناوبراو وتیشی: یەمەن مووشەکی دەریایی دووربڕی هەیە کە تەقاندنی لە هەر شوێنێکی یەمەنەوە گونجاوە و بە هاسانی ئامانجەکانی دەپێکێ.
هێزی دەریایی یەمەن ئێوارەی دوێنێ لە دەریای سووردا دەستی گرت بەسەر گەمییەکی ئیسراییلی. سەرچاوە هەواڵییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە هەر پەنجا و دوو ستافی گەمییەکەیش دەستبەسەر کراون.