کانونی یه‌که‌م 25, 2023 13:50 Asia/Tehran

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەمەن پێی داگرت کە بێتوو ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دەسدرێژیی ڕاستەوخۆ بکەنە سەر خاکی یەمەن، وەڵامێکی وا چاوەڕواننەکراو و سەرسوڕهێنەریان لە ئێمەوە پێ دەگات کە هەر بیریشیان بۆ لای ناچێ.

"یاسر ئەلحوری" ئەمڕۆ یەکشەممە جەختی کرد: ئێمە بەرگریمان لە فەلەستین کرد و ئامادەین ڕووبەڕووی دەرئەنجام و دواهاتەکانی ئەو کردەوانەمان ببینەوە. ناوبراو سەبارەت بە هەرچەشنە کردەی گەمژانە و شەڕاشۆیانەی شیمانەیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە پەلاماردانی خاکی یەمەن، پێی داگرت: بێتوو ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دەسدرێژیی ڕاستەوخۆ بکەنە سەر خاکی یەمەن، بەرەوڕووی وەها وەڵامێک دەبنەوە کە نە چاوەڕێی دەکەن و نە توانای پێشبینی کردنیشیان هەیە، لەگەڵ ئەوەش کە بەرەی جەنگمان بەربڵاوتر و بەرفراوانتر دەکەین و شێوازی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنیش جۆراوجۆرتر و  فرەچەشنتر دەبێت.

ئەلحوری ڕایگەیاند: بێتوو ئەمریکا بڕیاری شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەمەن بدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە سوپای یەمەن دەچێتە نێو ئەم شەڕەوە، هێزە چەکدارەکانی یەمەنیش بەپێی ئەرکی خۆیان و ویست و خواستی هەر مرۆڤێکی موسڵمان و عەرەب بۆ وەڵامدانەوەی کوشتار و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی هاتوونەتە مەیدانەوە و لە ڕێگای کردەوەکانیانەوە لە دەریای سووردا، کاریگەریی قورسیان خستۆتە سەر ئابووریی دوژمنی زایۆنی، ئەو زیانەی بەر دوژمن کەوتووە بە وردی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام داهاتوو نیشان دەدات کە زەبرەکانی یەمەن لە زایۆنییەکان سەرکەوتوو و بەدەسکەوت بووە و دوژمن دان بەم زیانانەدا دەنێت.

سەرپەیڤ