درێژەی یارمەتی چەکەمەنی ئەمریکا بە ڕژیمی دڕندەکاری زایۆنیست
لە سەروبەندی یازدەهەمین مانگی دڕندەکاریەکانی ڕژیمی زایۆنیست لە کەرتی غەزە. ئەمریکا دیسانەوە پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ کڕینی چەک و جبەخانەی سەربازی ئەو ڕژیمە سەلماندەوە.
ئەمریکا سەرەڕای هێنانەبەرباسی بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ لەماوەی دەیان ساڵی رابردوو لەدەسپێکی شەڕەکەی غەزە لە حەوتی مانگی ئۆکتۆبرەوە تاکوو ئێستا ڕژیمی داگیرکاری زایۆنیستی تەیار کردوە بە جۆرەها لە چەک و جبەخانەی سەربازی مرۆڤکوژ و ئەو پرۆسە تاکوو ئێستا هەروا بەردەوامە.
لەکاتێکدا کە ژینۆسایدی خەڵکی غەزە لەلایەن زایۆنیستەکانەوە نزیک بۆتەوە لە یازدە مانگ، ئەمریکا دیسانەوە سێ ملیاردو نیو دۆلاری دیکە بۆ کڕینی چەک و جبەخانەی سەربازی دەداتە ئەو ڕژیمە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو وەزارەتخانە کۆنگرێسی ئاگادار ردۆتەوە کە حکومەتەکەی بایدێن بەنیازە سێ ملیاردو نیو یارمەتی دارایی سەربازی دەرەکی بۆ ئەو ڕژیمە ئازاد بکاو ئەوەش بەشێک لەو چواردەو نیو ملیار دۆلارەیە کە چوار مانگ لەمەوەبەر لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ زایۆنیستەکان پەسەند کرا.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو ڕژیمە لە نوێترین دڕندەکاری خۆی دا قوتابخانەی تابینی پڕ لە ئاوارەو پەرتەوازەی کردە ئامانج کە لەئاکامی دا لانیکەم سەد کەس شەهید بوون و بەدەیان کەسی دیکەش بریندار کران.