ڕەنگە ئاگربڕ لە لوبنان دامەزرێ
هاوکات لەگەڵ هاتنە ئارای بیروبۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەگەری دامەزرانی ئاگربڕ لە لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە باسی بەردەوامبوونی خۆڕاگری بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنی کردووە، بێتوو پەلامارەکانی بۆ سەر شاروومەندانی لوبنان ڕانەگرێ.
عەبدوڵا بووحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند؛ لوبنان لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئاگربڕدا ، پێنج هەزار سەربازی خۆی لە باشووری ئەم وڵاتە سەقامگیر دەکات. ناوبراو راشیگەیاند؛ حکومەتی لوبنان لە دووی ڕاگرتنی خۆڕاگری نییە و بێتوو ئیسراییل ئەم پێشنیارەی لوبنان قەبووڵ نەکات، ناکرێ ئیتر باسی داهاتوو بکەین. پێشتر ژمارێک لە میدیاکان بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕاپۆرتیان دابوو کە ڕەنگە تا چەن کاتژمێری دیکە لە سەر دامەزرانی ئاگربڕ لە لوبنان بگەنە تەبایی.
محەممەد ڕەعد سەرۆکی فراکسیۆنی خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنانیش هاوکات سەبارەت بە ئەگەری دامەزرانی ئاگربڕ رایگەیاندووە هەر پێشنیارێک ڕێز لە مافی سەروەریی لوبنان بگرێ دەخرێتە بەر باس. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنی تا ئێستا ٣٠ هەزار جار، دوایین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕاگیردرانی شەڕ لە ساڵی ٢٠٠٦ی بنپێ کردووە، وتیشی: هەموو ئەو کردەوانە بە پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەتایبەت ئەمریکا ئەنجام دراوە.