شەرمەزارکردنی ڕێگریی ڕژێمی زایۆنی لە ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە
لەگەڵ بەردەوامی پەلامارەکانی ڕژێمی زایونی بۆ سەر کەرتی غەززە و خراپتربوونی دۆخی ناوچەکە، ئیسپانیا، بەلجیکا و ئێرلەندا، سێ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بە توندی ڕەخنەیان لە پێشێلکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی ڕژێمی زایونی بۆ سەر کەرتی غەززە گرت و بەکارهێنانی یارمەتییە مرۆییەکانیان وەک چەکێک لە دژی غەززە شەرمەزار کرد.
هکتۆر گۆمێز هێرناندێز نوێنەری هەمیشەیی ئیسپانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: دەستپێکردنەوەی پەلامارەکان لە غەززە و توند بوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا، دۆخی ناجێگیری مرۆیی خراپتر دەکات کە تێیدا فەرمانبەران و دامەزراوە مرۆییەکانیش کراونەتە ئامانجی سەربازی. ناوبراو ئەم پەلامارانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییە مڕۆڤ دوستانەکان وەسف کرد و پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوان ڕژێمی زایونی و حەماسی شەرمەزار کرد. هەروەها "سوفی دێ یسمێت، " نوێنەری هەمیشەیی بەلجیکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانەکانیدا وتی: ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی یاسا نێونەتەوەییەکان لە لایەن تەلئەبیب دەکەین . ئەو بەرپرسە بەلجیکایە بە داخوازی لە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕەزامەندی لە گەڵ هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، وتی: یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤدۆستانە دەبێ لە هەر هەلومەرجێکدا لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە ڕێزی لێ بگیرێت. فێرگاڵ میتن، نوێنەری هەمیشەیی ئێرلەندا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها وتی: ئەوەی ئێمە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دەیبینین ، نیشانەی بێبایەخکردنی تەواوەتی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکپارچەیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دامەزراوەیەک نیشان دەدات. و دژایەتی بەردەوامی ڕژێمی زایۆنی بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان و کاڵا بازرگانییەکان بۆ غەززە بە خێرایی قەیرانی برسێتی لە ناوچەکەدا توندتر دەکات. هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە کە دۆخی مرۆیی لە سەرانسەری کەرتی غەززە لە خراپترەوە بۆ خراپترە . تەلئەبیب ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەی خۆراک، سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییە بازرگانییەکانی بۆ ناو غەززە داخستووە.