تشرینی دووه‌م 19, 2025 18:06 Asia/Tehran
  • پەلاماری درۆنیی رژێمی زایۆنی بۆسەر باشووری لوبنان

پەلاماری درۆنیی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر ئۆردوگای "عەین حیلوە" لە باشووری لوبنان، پانزە شەهید و ژمارێک برینداری لێکەوتووەتەوە.

رژێمی زایۆنی لە درێژەی پێشێلکردنی ئاگربڕ لە لوبنان، ئوردوگای "عەین حیلوە" لە باشووری ئەو وڵاتە کە ئاوارە فەلەستینیەکانی تێدا نیشتەجێ کراون، دایەبەر پەلاماری درۆنیی کە بەهۆیەوە، پانزە کەس شەهیدو ژمارێکی دیکەش بریندار بوون. سوپای رژێمی زایۆنی لە بەیاننامەیەکدا ئیدیعای کردووە، ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس کە خەریکی ئەنجامدانی مەشق و پرۆڤەکردن بوون لە کۆبینای ڕاهێنانی عەین حیلوە، ئامانجی پەلامارەکە بوون. ئەوە لەکاتێکدایە کە بزووتنەوەی حەماس ئەو ئیدیعایەی رەت کردۆتەوەو وتوویەتی؛ زەوینێکی وەرزشیی کە دانیشتووانی ئەو کەمپە کەڵکیان لێ وەردەگرت، ئامانجی ئەو پەلامارە بووە. حەماس وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە، پێی داگرت؛ لە هیچکام لە ئوردوگای ئاوارەکان لە لوبنان، شوێنی مەشق پێکردن و ڕاهێنانمان نیە. لە بەیاننامەی حەماسدا هاتووە، ئەو دەسدرێژکارییەی رژێمی زایۆنی، هێرشی دڕندانەیە بۆسەر خەڵکی بێ دەرەتانی فەلەستین ولەهەمان کاتدا پێشێلکەری سەروەریی لوبنانیشە. سەرچاوە لوبنانییەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە دوو شارۆچکە لە باشووری لوبنان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنی بۆردومان کراون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێکی رژێمی زایۆنیستی، پەلاماری ئۆتۆمبیلێکی دا کە بە تەنیشت پاسێکی ڕاگیراو لەبەردەم قوتابخانەی منداڵاندا تێدەپەڕی و بەهۆیەوە، چەند قوتابی و شۆفیری پاسەکەش بریندار بوون. لە کاتی جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ لە لوبنان لە ٢٧ی نۆڤمبەری ٢٠٢٤ـەوە، ژماری پێشێلکرانی ئاگربڕ لە لایەن رژێمی زایۆنی زیاتر لە شەش هەزار حاڵەت ڕاگەیێندراوە. ئەو دەسدرێژکارییانە تائێستا شەهید بوونی زیاتر لە ٣٠٠ کەس و برینداربوونی پتر لە ٦٠٠ کەسی لێکەوتووەتەوەو خەسار و زیانی زۆریش لە باشووری لوبنان کەوتووە. سەرباری ئەوەی تەلاویڤ و بەیرووت ڕێککەوتنی ئاگربڕیان مۆرکردووە، رژێمی زایۆنی بەردەوام، هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان .

 

سەرپەیڤ