سوپای زایۆنی بە گوللەی فسفۆڕ پەلاماری باشووری لوبنانی دا
ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای زایۆنی بە گوللەی هەڵگری فسفۆری سپی، پەلاماریان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان شارەکانی یارۆن و ڕەمیش.
هێرشەکە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە زەوی و زارە کشتوکاڵییەکان و زیانێکی زۆریش کەوت لە ژمارێک ماڵی خەڵکی مەدەنی. کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕەخنەگرتن لە بەردەوامی پەلامارەکان و بەکارهێنرانی چەکی قەدەغەکراو، ڕایگەیاند کە لەو کاتەوە ئاگربەست لە باشووری لوبنان ڕاگەیەندراوە، لانیکەم ١٢٧ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار. لە درێژەی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززەیش، سەرچاوە خۆجێییەکان هەواڵی شەهید بوونی خەباتکاری فەلەستینی "عەبدوڕەئوف ئاشتیە"ـیان لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەی شەوی ڕابردوو لەگەڵ هێزی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی نابلوسیان بڵاو کردەوە. بەهۆی پەلامارەکانی داگیرکەرانی زایۆنی، هەروەها ٧ فەلەستینیش لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس شەهید بوون. سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە تەرمی ١٤ شەهیدی دیکە لە ژێر داروپەردووی باڵاخانە ڕووخاوەکانی غەززە دەرهێنراون. ژمارەی شەهیدانی غەززە لە سەرەتای دەستپێکرانی شەڕەوە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە گەیشتووەتە ٦٩ هەزار و ٧٧٥ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش هەڵکشاوە بۆ ١٧٠ هەزار و ٩٦٥ کەس.