حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی دەکات بە نیوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پڕۆژەیەک دەیەوێت ژمارەی وەزارەتەکانی بۆ ١٢ وەزارەت کەم بکاتەوە و بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانیش لە هەر شارێکدا بکات بە پێنج بەڕێوەبەرایەتی و دەستەکانیش کەم بکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنەی فریای ئەم کابینەیەی حکومەت ناکەوێت.
بە پێی راپۆری ماڵپەڕی کەناڵی سەحەر و بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ״ئاژانس״ ، حکومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە کە ژمارەی وەزارەتەکانی بکاتە ١٢ وەزارەت و لە هەر شارێکیشدا ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ ٥ بەڕێوەبەرایەتی کەم بکاتەوە و دەستەکانیش کەم بکاتەوە.
به پێی زانیارییه‌کان، هه‌ر یه‌که له وه‌زاره‌ته‌کانی ته‌ندرووستی و شه‌هیدان و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرێن به وه‌زاره‌تێک، وه‌زاره‌تی کاره‌با و سامانه سرووشتییه‌کان ده‌کرێن به وه‌زاره‌تێک، وه‌زاره‌تی پلاندانان و بازرگانی ده‌کرێن به وه‌زاره‌تێک و ده‌ستەی ژینگه‌ش ده‌خرێته سه‌ر وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و به پێی پڕۆژه‌که‌ی حکومه‌ت تا ئێستا ئه‌و گۆڕانکارییانه بڕیاریان له باره‌وه دراوه.
فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، لیژنەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە درووست کراوە و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دەستەکان دەگرێتەوە و دوای کارەکانیان دەینێرنە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی.
وتیشی: ״جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە خەرجیی زۆر لە کرێی بینا و نەسریەی وەزارەت و زۆر خەرجیی تری پەیوەست بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان کەم دەکاتەوە.״
لیژنەکە لە لایەن دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم سەرۆکایەتیی دەکرێت.
چووککردنەوەی هەیکەلی حکومەت فریای ئەم کابینەیە و ئەم خولەی پەرلەمان ناکەوێت، بۆ کابینەی نۆی حکومەت جێبەجێ دەکرێت.״ فرسەت سۆفی وای وت.
ئێستا حکومەتی هەرێم ٢١ وەزارەت و لە هەر شارێکیش زیاتر لە ٢٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە، هاوکات ١٠ دەستە و فەرمانگە و سکرتاریەت و دیوانی تریش سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوونیان هەیە.
به‌هار مه‌حموود، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی له پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، جاری وا هه‌بووه وه‌زاره‌تێکیان ته‌نیا له‌به‌ر خاتری یه‌ک تاکه‌که‌س داناوه، بۆیه که‌مکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان کارێکی باشه.
وتیشی: ״بۆ بچووککردنەوە یان تێکەڵاوکردنی وەزارەتەکان دەبێت حکومەت پلانی هەبێت فەرمانبەرەکان چارەسەر بکات، هاوکات ڕێژەی دامەزراندنیش کەم دەبێتەوە، ئەوەش ئاستەنگ درووست دەکات.״
پێشتر و لە سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراقدا، لە هەر شارێک سێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەبووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە شارەکان بۆ زیاتر لە ٢٠ بەڕێوەبەرایەتی بەرز بوونەتەوە.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و شاره‌زا له کارگێڕی و ئیداری، به ״ئاژانس״ی وت: ״بۆ ئەوەی حکومەت کێشەی بۆ درووست نەبێت، دەتوانێت ڕاژەی فەرمانبەران بکڕێتەوە ، بۆ نموونە کەسێک کە دە ساڵ خزمەتی هەیە بە پارە خزمەتەکەی بکڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوە بتوانێت کار بکات.״