وتاری سەرۆکی رەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق لە ئاھەنگی سوێندخواردنەکەی سەرۆکی تازەی هەرێمی کوردستان
عهممار حهکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق بەشداریی ئاھەنگی سوێندخواردنەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی تازەی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردو وتارێکی تیادا پێشکەش کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە،ڕۆژی دووشهممە (١٠ی حوزهیرانی ٢٠١٩) عهممار حهکیم سهرۆکی ڕهوتی حیکمهتی نیشتیمانیی عێراق که یهکێکه له گهورهترین ڕهوتهکانی شیعهی ئەم وڵاتە، بهشداریی لە ئاھەنگی سوێندخواردنەکەی نێچیرڤان بارزانی وهک سهرۆکی ههرێمی کوردستان کرد و پیرۆزبایی خۆی و ڕهوتهکهی بۆ ناوبراو دەربڕی و ڕایگەیاند: پۆستەکەی نێچیرڤان بارزانی پۆستێکی گرنگەو بەڕێزی کەسێکە بە دادپەروەری ناسراوە و بەردەوام هەوڵی یەکڕیزیی داوە.
ناوبراو جەختیشی کرد: هەریمی کوردستان، بە تایبەتیش هەولێر بەردەوام و بە درێژایی مێژوو، جێگەی شانازیی تەواوی عێراقییەکان بووەو ھەشە، ئێستا گەشەپێدانێکی زۆر لە ژێرخانەکەیدا دەبینرێت. پێشکەوتن لە ئاستی جیاواز لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە دیارە ئەمەش وەک نموونەیەک بۆ هەرێمی کوردستان و پەرلەمانەکەی هەژمار دەکرێت. ھەر بۆیە وا ھەڵدەگرێ سوود لە تاقیکردنەوەی هەرێمی کوردستان وەربگیردرێت و لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش ئەم ئەزموونە تاقی بکرێتەوە. دیارترین هۆکاری سەرکەوتنی ئەم ئەزموونەش، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانە لەناوخۆی هەرێم و لەنێوان هەرێم و بەغداش لەلایەکی ترەوە.
سهرۆکی ڕهوتی حیکمهتی نیشتیمانیی عێراق لە وترەکەی دا ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە،ئێستا ئەو دۆخەی بە هەرێمی کوردستان و عێراقدا تێ دەپەڕێ ، ئەو وێنەیە نیشان دەدات کە گەلی عێراق لە پێکهاتەی جیاواز پێک دێت، لە بەسڕە عەرەب، لە سلێمانی کورد و لە باکوور و باشوور پێکەوە کورد و عەرەب خوێنیان لە عێراقدا تێکەڵاو بووە. ئەو ناکۆکییانەی لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە، ئەمە کێشەی گەلانی عێراق نییە، بەڵام بەداخەوە میدیاکان وێنە گەورەکە نیشان نادەن و تەنیا سەرنجیان لەسەر ناکۆکییەکان چڕ کردووەتەوە، لە حاڵێکدا کە دەبێت ئەوەش نیشان بدەن کە چۆن گەلانی عێراق لە هەولێر و بەغدا یەکڕیزن.
عەممار حەکیم وتیشی: گەلی عێراق چاوی لە ئێمە و هەنگاوەکانمانە، ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی ئەم گەلە دادەنێت، هەر کاتێک دوورکەوتینەوە لە حیکمەتی گفتوگۆکردن، ئەوا جارێکی دیکە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی گەلی عێراقمان خستۆتە مەترسییەوە.
سهرۆکی ڕهوتی حیکمهتی نیشتیمانیی عێراق جەختیشی کرد: داعش ئەو هەموو نەهامەتییەی هێنا کە هێشتاش برینەکەی ماوە، با ئەوەش بەبیر بێنمەوە کە داعش و ئاراستەکەی دوای داعش ئەوەیە کە هەرگیز نایەوێت سەقامگیری هەبێت، ئەم کۆبوونەوەیەشمانی بە دڵ نییە. لێرە دەبێت بە ڕوونی پێیان بڵێین، ئێمە لە ڕابردوودا پێکەوە بووینەو پێکەوە پێشێلکاریمان بەرامبەر کراوە، ئێستاش قەدەرمان ئەوەیە ھەر پێکەوە بین.
عەممار حەکیم لە درێژەی لێدوانەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بۆ ئەمەی کە ھێندێک خاڵ ھەیە دەبێت کاری لە سەر بکرێت ،وتیشی : یەکەم نەهێشتنی تەواوی کێشەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەنێوان هەولێر و بەغدایە. قۆناغی ئێستا زۆر هەستیارە و ناوچەکەش بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبیت. ئەوەی وابزانێت ناکۆکییەکان کاریگەری نابێت، ئەوا خەیاڵ دەکات. دیارە هەر وڵاتێک لەسەر بناغەی ژیانی هاوبەش بونیاد نەنرێت، پێش ناچێت، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکی تەواو ناوازەی هەیە و جیاوازییەکی بەرامبەر بە سەرجەم وڵاتانی فیدرالی درووست کردووە. چەند کێشەیەک لە دەستوور و بڕگەکاندا هەیە کە دەبێت بە گویرەی دەستوور چاویان پێدا بخشێنینەوە. داوا دەکەم لاپەڕەکانی ڕابردوو لەیاد بکرێت، خەونێکی نوێی کوردی دەست پێ بکرێت، ئەمەش دابەشکردنی سەروەتەکانیەتی لە نێوان گەلانی عێراق، هەروەها کار لەسەر بەرەوپێشبردنی وڵات بکرێت، خەونی کوڕانی ئەم وڵاتە مەرج نییە هەمان خەونی باوکیشیان بێت.
دووەم دەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ئاستێکی باڵادا بێت لە نێوان عێراق و کوردستان، ئەگەر یەکڕیزیی کوردستان و عێراق نەبووایە هەرگیز ئەم ئاسایشتەی ئێستا وەدی نەدەھات. دەکرێ ناکۆکییەکان پشتگوێ بخرێن، ئەوەی لە کەرکووک و دیالە و دەوروبەری بەغدا ڕووی دا لەم دواییانە، کێشەی گەورەن و دەبێت چارەسەر بکرێت.
سێیەم: یەکڕیزیی سیاسی بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدان، عێراق جوگرافیاکەی لە شوێنێکی گرنگە و بەم پێیەش دەبێت هەڵوێستێکی روونمان هەبێت، ئەم ناوچەیە گرنگییەکی جوگرافیایی هەیە، تەواوی شارەکانی عێراق، نهێنیی بەهێزیی عێراق و پێگە نێودەوڵەتییەکەی، لە تێکەڵاویی جوگرافی و پێکهاتەکانە، چەند دەستێکی شاراوە هەن کە دەیانەوێت هێزی عێراق کەم بکەنەوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. دەبێت یەکڕیز بین و لە دەوری بڕیاری عێراقیدا کۆببینەوە، ئەمەش بەوە دێتە دی کە بەشداری لە بڕیاردان بکەین و بەرپرسیار بین لە پاراستنی هەیبەتی دەوڵەت.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسانی سیاسی و دیپلۆماسیی عێراق و وڵاتانی بیانی سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق.